كودەتایەكی نوێ‌ بەڕێوەیە؟!

نەبەز گۆران - 28-08-2017 - 14060 جار خوێندراوەتەوە


  نەبەز گۆران

چاوەڕوانكراوە لەم نزیكانە كودەتایەكی نوێ‌ بەسەر دامەزراوەی پەرلەمان، پاشان دوای وادەی كۆتایی هاتنی یاساییان بەسەر دامەزراوەی حوكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم بكرێت. بۆ ئەوەی لەم هەوڵە ئاگاداربین، هەوڵدەدەم تەواوی ئەو سیناریۆیانەی لە كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتیی دا دەخرێنە روو بخەمە روو.

ئەو بانگەشەیەی لە راگەیاندنەكاندا دەكرێت بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ‌ گۆڕان و كۆمەڵ، تەنها بانگەشە نین، بەڵكو لە كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتیدا بە چری لەبارەیەوە قسە كراوە. دەیانەوێت باز بەسەر یاسادا بدەن و، لە رێگای چەند پەرلەمنتارێكەوە داوای كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بكرێت و بەتەمەنترین كەسی ناو پەرلەمان ئیدارەی كۆبوونەوەكە بدات و لەم دۆخەدا بە شێوەیەكی نایاسایی و لە غیابی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەستەی نوێ‌ سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرن. (لەكاتێكدا ئەم دەستەیەی ئێستای سەرۆكایەتی پەرلەمانە، بە پێی یاسا تا هەڵبژاردن دەستەی سەرۆكایەتین) ئەم سینایۆییە تەنها بۆ كودەتا نییە بەسەر پەرلەماندا، بەڵكو چ یەكێتیی نیشتیمانی و، چ یەكگرتووی ئیسلامی، پێشنیازی دواخستنی هەڵبژاردنیان خستووەتە بەردەم پارتی. لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی ئەم دوایەی پارتی، قسە لەسەر ئەم پێشنیازە كراوە. تەنانەت قسە لەسەر ئەوەكراوە هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكە بۆ ماوەی دوو ساڵ لەلایەن پەرلەمانی كودەتا بەسەركراودا درێژ بكرێنەوە.

بەڵام لە كۆبوونەوەیەكی یەكێتیی نیشتیمانیدا باسی ئەوە كراوە، كە پارتی قەلەقە لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ‌ گۆڕان و كۆمەڵ و بەشێكی یەكێتیش ئەمەیان پێخۆش نییە. دیدگاكەی پارتی تەنها لەبەر دونیای دەرەوەیە نەك ناوخۆ. (هێشتا روون نییە بۆچی یەكێتیی نیشتیمانی و یەكگرتووی ئیسلامی پێشنیازی دواخستنی هەڵبژاردنیان خستووەتە بەردەم پارتی، لەكاتێكدا ئەو پێشنیازە زەمینە سازییەكی تەواوە بۆ بیركردنەوە لە كودەتایەكی نوێ‌) 

سیناریۆیەكی دیكە لە كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتیی باسییان لێوەكراوە ئەوەیە: گەر ریفراندۆم بكرێت دۆخەكە دەچێتە ئاستێكی ترەوە و پێویستە ئەو دەستەی ریفراندۆمە بكرێنە دەستەی سەربەخۆی و بەهۆی دۆخە تایبەتییەكەوە پێویست بە هەڵبژاردن ناكات و ئەو دەستەیە وڵات بەرێوەببەن! تەنانەت قسە لەسەر ئەوەشكراوە هەوڵبدرێت كۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان رازیبكرێن بۆ ئەم سیناریۆیە.

ئەمانە هەمووی بریتین لەو سیناریۆیانەی لەناو كۆبوونەوەكاندا باسیان لێوەدەكرێت و، هەریەك لەم هەوڵانەش كودەتایەكە بەسەر دامەزراوەكانی هەرێمدا. كەس نایەوێت چاوەڕوانبێ‌ تا هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی ئەمجارە بببێتە مەحەكی هێزەكان و، دەرئەنجامەكەی ببێتە دینەمۆی رێككەوتنی نوێی سیاسیی، لە دەرەوەی ئەمە وەك حیزب هەریەكەو بیر لە سیناریۆی نادیموكراسی و نایاسای دەكاتەوە، رێك وەك ئەم قسەیەی كە  بارزانی لە برۆكسل گوتی (پەرلەمان خەریكبوو كودەتامان بەسەردا بكات بۆیە پەكمانخست، نەیدەزانی هەرگیز لە دونیادا چ لەرابردوو چ لە داهاتوو ئەوەی كودەتا دەكات پەرلەمان نییە و نەبووە، بەڵكو هێزی دیكەیە لە دەرەوەی پەرلەمان كودەتا دەكات و بەردەوام پەرلەمان شوێنێكە كودەتای بەسەردا دەكرێت، نەك كودەتا بكات)

پێدەچێت ئەم سیناریۆیانەی باسدەكرێن بمانگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بەرەی كوردستانی. ئەگەر ئەمەی لە كۆبوونەوەكانیاندا باسیدەكەن روویدا چی دەبێت؟ ئەی ئەگەر رووینەدا چی دەبێت؟  لەم دۆخەدا كۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت دوو رێگە هەڵبژێرن.

رێگای یەكەم: پەرلەمان ئاسایی بكەنەوە و، میساقێكی سیاسیی لەنێوان هەر پێنج لایەنەكە ببەسترێت و لەناو پەرلەماندا واتایەكی نیشتیمانی و یاسایی پێبدرێت و سەرلەنوێ‌ لەو ماوەكەمەی پەرلەمان، كار لەسەر ئەو خاڵە جەوهەرییانە بكرێت پەیوەندیی بە ژیانی خەڵك و سیستەم و هەڵبژاردنی بەردەمانەوە هەیە و، تەواوی رێككەوتن و پرۆژە ناكۆكی لەسەرەكان هەڵبگیرێن بۆ دوای هەڵبژاردن. 

رێگای دووهەم: گەر لە دۆخێكدا پەرلەمان ئاسایی نەكرایەوە و ئەو كودەتاییەی لە نەخشەی حیزبەكاندا هەیە و لە كۆبوونەوەكاندا باسیدەكەن پێویستی بەوەیە بیری لێبكرێتەوە، چونكە هەرێمەكەمان دەباتە شوێنێك، كە ئیدی گەڕانەوەی بۆ ئێستا زەحمەت دەبێت. ( من ئەو رستەیەم زۆر پێ رۆمانسییە كە دەڵێ: مادام دەیانەوێت سەرجەم دامەزراوەكان بكەنە كەرەستەی ژێردەستی حیزبی و حورمەت بۆ دامەزراوە و یاسا ناهێڵنەوە، پێویستە ئارامی هەرێم ببەسترێت بە رێزگرتن لەو دامەزراوانەوە. گەر ویستیان كودەتایەكی دیكە بكەن، پێویستە لەبەرامبەر ئەو كودەتایە لەبری بێدەنگی و كردەی ساسیی ئارامی بخرێتە شوێنی.)

ئەم سیناریۆیانەی لەكۆبوونەوەكان باسیدەكەن تا (5-9-2017) رونادەن. پێدەچێت دوای ئەو بەروارە و دەستپێكردنی هەڵمەتی (بەڵێ‌) بۆ ریفراندۆم لەلایەن پارتی  و یەكێتیی و یەكگرتووی ئیسلامییەوە، هەموو پێشهاتێك لەو پێشهاتانەی لە كۆبوونەوەكانیاندا باسدەكرێن رووبدات. دەمێنێتەوە سەر كۆمەڵ و گۆڕان، كە ئەوان لەبەردەم ئەم دۆخەدا چیدەكەن؟ ئایا لەگەڵ رووداوەكان دەست و پەنجە نەرمدەكەن، یان سیناریۆی سیاسیی خۆیان هەیە و یەكێك لەو دوو رێگایە دەگرنە بەر یاخود هیچی ناكەن. ئایا وڵاتانی دەرەوە ئەمجارە بەرگەی ئەوە دەگرن كودەتایەكی دیكە بەسەر دامەزراوەكان بكرێت؟ یاخود دیمەنەكە بەتەواوەتی دەگۆڕێت و بەو جۆرە نابێت چاوەراندەكرێت؟ بۆ ئەم پرسیار و گومانانە سەیری دوای بەرواری (5-9-2017) دەكەین بزانین چی دەبێت.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP