بەپەلە

ئێران چی لە کوردستان دەوێت؟

عارف قوربانی - 28-08-2017 - 4411 جار خوێندراوەتەوە


لەبەر ئەوەی ھێشتا خۆمان بڕیارمان نەداوە کە سەربەخۆییمان دەوێت یان نا، لە ٢٥ی ئەیلول دەردەکەوێت خەڵکی کوردستان دەیانەوێ لەگەڵ عێراق بمێننەوە یاخود سەربەخۆبن، بۆیە ناکرێت ھەڵوێستی ئێستای ھیچکام لە وڵاتانی دەوروبەر و دونیاش وەک ھەڵوێستی فەرمی تەماشا بکەین. لە دوای ئەوەی کوردستان بڕیاری خۆی دا و سەرکردایەتی سیاسی کورد کاری بەبڕیاری گەلەکەی کرد و دەوڵەتی فیدراڵیی کوردستانی راگەیاند، ئەوکات لەگەڵ و لەدژ بوونی وڵاتان بۆ بە فەرمی ناسین و دانپێدانانی نێودەوڵەتی گرنگە. 

وەک بنەمایەکی چەسپاویش، نەک بۆ کوردستان، بەڵکوو بۆ تەواوی دونیا پێوەری دۆستایەتی و دوژمنایەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دروست دەبێت. دەوڵەتی کوردستان بەرژەوەندی بۆ ھەر وڵاتێک ھەبێت دانی پێدا دەنێت و زیان بە ھەر وڵاتێک بگەیەنێت لەدژی دەوەستێتەوە. ئەگەر تەماشای دەوڵەتی ئیسرائیل بکەین، دەبینین حەفتا ساڵە دامەزراوە و ھێشتا چەندین دەوڵەتی عەرەبی و ئیسلامی دانیان پێدا نەناوە، چونکە لەڕووی ستراتیژییەوە بوونی ئەم قەوارەیە بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەبینن، بەڵام زۆر لە دەوڵەتانی تری جیھان کە بەرژەوەندییان لە دروستبوونی ئەو دەوڵەتەدا ھەبوو، ھەر زوو مامەڵەی فەرمییان لەگەڵ کرد، تەنانەت ئەو وڵاتانەش کە نە بەرژەوەندی و نە مەترسییان لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل ھەیە، وەک پرەنسیپ و ئیلتیزامێکی نێودەوڵەتی ئەوانیش دانیان بە دەوڵەتەکەدا ناوە و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. ئەمە بۆ ئایندەی دەوڵەتی کوردستانیش بنەمایەکی راستە، کاردانەوەکان لەسەر ئەو بنەمایە دەبن.

لەبەر ئەوە پێش ئەوەی چاوەڕێی ھەڵوێستی کەس بین، پێویستە خۆمان ئەوە بزانین دروستبوونی دەوڵەت لەم بەشەی کوردستان لە کوێدا دەبێتە مەترسی بۆ وڵاتانی دیکە و لە کوێدا دەبێتە بەرژەوەندی؟ چ وڵاتێک زیانی پێدەگات و کام دەوڵەت دەستکەوتی دەبێت؟ ئەگەر لەم گۆشەنیگایەوە بڕوانینە ئایندەی دەوڵەتی کوردستان، کەواتا پێویستمان بەوە نابێت چاوەڕوانی ھەڵوێستی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی ناوچەکە و حیھان بین. خۆمان دەزانین کێ لەگەڵمان دەبێت و کێ لە دژ. ئەگەر لە حاڵەتێکیشدا ھەڵوێستێکی پێچەوانەی چاوەڕواننەکراومان بینی، لەو دۆخەدا ئەرکی ئێمەیە بەرچاوڕوونی بدەینە ئەو وڵاتە و دڵنیای بکەینەوە کە بەدحاڵیبوونێک ھەیە.

لێرەدا دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر ھەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربارەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان، ئەویش بە پلەی یەکەم بەھۆی تێگەیشتنی ھەڵەی خەڵکی کوردستانەوە لە ھەڵوێستی ئەو دەوڵەتە کە ئێستا بە بەربڵاوی ئەو تێگەیشتنە دروستبووە (ئێران دژی سەربەخۆیی کوردستانە و دوژمنایەتی دەوڵەتی کوردستان دەکات). ھەروەھا بەپلەی دووەمیش مەبەستمە ئەگەر لە ناوەندە ستراتیژییەکانی ئێرانیشدا بەدحاڵیبوونێک ھەبێت لەوەی کوردستان بۆیان دەبێتە مەترسی، بەڵکوو ئەوانیش تێگەیشتنە ھەڵەکەیان راست بکەنەوە.

ئەگەر ئەم ناوە (ھەرێمی کوردستان) بگۆڕدرێت بۆ (دەوڵەتی کوردستان) چ مەترسییەک دەخاتە سەر ئێران؟ لە کاتێکدا ئێستا لەژێر ناوی ھەرێمی کوردستان نەک بە سنوورەکانی پێشووترەوە، بەڵکوو لە شەنگالەوە تا گوڵاڵە کە کورد حوکمی دەکات، بەرژەوەندییەکی زۆری بۆ ئێران دەستەبەر کردبێت، بۆچی کە ناوەکەی ببێتە دەوڵەتی کوردستان ئەو بەرژەوەندییانە دەبن بە مەترسی؟ لە کوێدا کوردستان دەبێتە ھەڕەشە لەسەر ئێران تا ئێران لە دژی رابوەستێ؟ 

چارەکە سەدەی رابردوو ئەوەی بۆ ئێران سەلماندووە کە ئەم نیشتمانە لەژێر ھەر ناوێکدا کورد بەڕێوەی بەرێت، دڵنیایی بۆ ئێران زیاترە لەوەی ھەرکەسێکی تر حوکمی بکات. سنوورێکی بەرفراوانی ئێران بە باشووری کوردستانەوەیە، بەھۆی باشووری کوردستانەوە نەک ھەر سنوورەکانی، بەڵکوو تا قووڵایی وڵاتەکەش ئارامی و سەقامگیری رەخساوە. چارەکە سەدەیەکە بزووتنەوەی چەکداریی کورد لەو بەشەی کوردستان ھەموو چالاکییەکی سەربازییان راگرتووە، لەکاتێکدا ئەو دوو دەیەیەی رابردوو ئێران زۆرترین کێشەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان ھەبووە، ئەگەر ھەرێمی کوردستان بیویستبا یان رێگەی دابا زۆرترین کەناڵی پەیوەندی لە نێوان نەیارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان دروست دەبوو. چۆن ئێران دەستی خستووەتە ناو کاروباری بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکەوە، ئەوکاتیش زۆرێک لەو دەوڵەتانە دەیانتوانی بەھۆی کێشەی کوردەوە دەست وەردەنە کاروباری ناوخۆی ئێران. بەڵام ھەرێمی کوردستان ئەم دەرگایەی بەڕووی ھیچکام لە دوژمنەکانی ئێراندا نەکردووەتەوە.

ئێران بەھۆی ئەو ئابڵوقە ئابوورییە جیھانیەی لەسەرێتی و وەک کۆنگرێسی ئەمریکاش بڕیارێکی ئیدارەکەی ترامپی پەسەند کرد، لە داھاتوودا گەمارۆکان لەسەری توندتر دەبن، لە ٢٥ ساڵی رابردوودا سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان بە رووی ئێراندا کراوە بوون و بەشێکی زۆری پێویستییەکانی ئێران لە بازاڕەکانی کوردستانەوە دەستەبەرکراوە، کوردستان بازاڕێکی جیھانی بووە بۆ ئێران و لە ھەمانکاتدا بازاڕێکی گەورەش بووە بۆ کاڵای ئێرانی، لە داھاتووشدا ئەم بازاڕە و سنوورەکانی بۆ ئێران بایەخیان زیاتر دەبێ. 

لە کوشتنی ئیمام حوسێنەوە ھەموو شیعەی جیھان کە ئێستا ئێران رابەرایەتییان دەکات، خۆیان بە زوڵملێکراو دەزانن و پێیانوایە خاکی عێراق ھی ئەوانە و لێیان زەوتکراوە. پیرۆزییەکانی شیعە لە ناوچە عەرەبییەکانی عێراقن، دەیانەوێ عێراق دەوڵەتێکی شیعی بێت و ناوەندی کۆکەرەوەی شیعەی جیھان بێت. بۆ ئەوەی ئەم خواستەیان بەدی بێت، پێویستیان بەوە بوو بەپلەی یەکەم رۆڵی سوننەی عێراق تا ئاستی نەبوون لاواز بکەن، لەدوای کەوتنی سەدام دەرگایەکیان بەڕوودا کرایەوە و بەدیاریکراویش دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق دەستیان ئاوەڵا بوو بۆ ئەو ئامانجە، ھاتنی داعش و لێکەوتەکانی خزمەتێکی زۆریان بە گەشەی تەشەیەوع کرد و ئێستا تا ئەندازەیەک قۆناغی یەکەمیان بڕیوە. بەڵام لەمپەرێکی گەورەیان لەپێش ماوە بۆ ئەوەی ناسنامەی عێراق ببێتە وڵاتێکی شیعەی عەرەبی، ئەویش مانەوەی کوردستانە.

دەبێت ئێران و شیعەکان ئەوە بزانن کە کوردستان کۆسپێکی گەورەیە لەبەردەم بەشیعەبوونی عێراق و تەواوکردنی ھیلالی شیعی، ھەروەھا دەبێت ئەوەش بزانن کە کوردستان تا ئەندازەیەک بەغدای بۆ شیعەکان جێھێشتووە بەھۆی ئەوەی کە مەیلی سەربەخۆیی ھەیە، ئەگەر لە عێراق بمێنێتەوە بەغدا بەتەنھا بۆ شیعە جێناھێڵێت. تەنانەت سوننەکانیش کە ئێستا رۆحی تەسلیمبوونیان تێدا دروست بووە، بەھۆی ئەوەیە کە دەزانن کورد جێیاندەھێڵن و بە تەنھا شەڕی شیعەیان پێناکرێت، ئەگەر بزانن کوردستان لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە، ئەوانیش بەرەنگاری شیعە دەبنەوە، واتا مانەوەی کوردستان لەگەڵ عێراق دەبێتە گرفتێکی گەورەتر بۆ ئێران کە ئەویش بەھێزبوونەوەی سوننەی عەرەبە. 

ئێران دەوڵەتێکی گەورەیە، ستراتیجیەتی خۆی بە وردی بنیاتناوە، ئەو بەرژەوەندیانە دەبینێت کە بەستراونەتە سەربەخۆیی کوردستانەوە. ئەوەش دەزانێت رێگە لە سەربەخۆیی کوردستان بگرێت ھەموو ئەو شتانە پێچەوانە دەبنەوە، بۆیە پێموایە ھەڵوێست و لێدوانە نەرێنییەکانی لەو بارەیەوە دەشێ بۆ دوو ئامانج بن، یەکەمیان پشکی زۆرتری دەوێت لە ئایندەی کوردستان و دووەمیش دەیەوێ کوردستان دڵنیایی ئەوەی بداتێ کە دەوڵەتەکەی نابێتە پێگەی نەیارەکانی، بۆ ھەردووکیشیان حەقی خۆیەتی.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP