ناتۆ: چالاکییەکانمان لە عێراق دەستپێدەکەینەوە

- 2/15/2020 11:44:00 AM 1185 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

فەرماندەیەکی باڵای سەربازی ناتۆ رایگەیاند، نێردەی هاوپەیمانی ناتۆ لە عێراق لە چەند هەفتەی داهاتودا ئەرک و چالاکی و مەشقەکانیان لە عێراق دەستپێدەکەنەوە.

تۆد واڵتەرز، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە پەراوێزی کۆنفرانسی میۆنشن تایبەت بە ئاسایشی جیهان بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، هاوپەیمانی ناتۆ کاردەکات بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانیان لە عێراق لە پاش ئەوەی گەرەنتی پاراستنیان لەلایەن حکومەتی بەغدادەوە پێدەدرێت.
لە دو رۆژی رابردودا بەرپرسانی سەربازی عێراق وەڵامی هاوپەیمانی ناتۆیان داوەتەوە و رەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر دەستپێکردنەوەی کاری نێردەکانی ناتۆ لە عێراق

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دو رۆژی رابردودا بەرپرسانی سەربازی عێراق وەڵامی هاوپەیمانی ناتۆیان داوەتەوە و رەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر دەستپێکردنەوەی کاری نێردەکانی ناتۆ لە عێراق بە زوترین کات، بەڵام گەرەنتیکردنی ئاسایشی سەربازی هاوپەیمانێتییەکە گرنگی زۆری دەبێت بۆیان".

هەرچەندە تا ئێستا قەبارەی ئەو فراوانکارییە نەزانراوە کە بڕیارە ناتۆ لە هێزەکاندا بکات، بەڵام ئیسپانیا ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی هێزی سەربازی زیاتر بۆ عێراق دەستپێکردوە.

12ی ئەم مانگە، ینس ستۆلتنبێرگ، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، وەزیرانی بەرگری هاوپەیمانی ناتۆ رەزامەندیان دەربڕی لەسەر فراوانکردنی ئەرکە سەربازییەکانیان لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ناتۆ هەندێک لەچالاکییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش دەگرێتە ئەستۆی خۆی

 

باسی لەوەشکرد، "ناتۆ هەندێک لەچالاکییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش دەگرێتە ئەستۆی خۆی، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت کە هێزی زیاتر دەنێرێت بۆ عێراق، بەڵام ئەو کارە بە رەزامەندی حکومەتی وڵاتەکە دەبێت".

پێنجی مانگی رابردو پەرلەمانی عێراق لە کاردانەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بڕیاریدا، بەغدا سەرجەم داواکارییەکانی هاوکاری لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەڵوەشێنێتەوە و دەستبکات بە کەمکردنەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق.

لە پاشاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کرد، کە چالاکییەکانیان لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بکەن، بەڵام لەبەرامبەردا ناتۆ ئاشکراینەکرد ئایا دەتوانێت ئەو داوایە جێبەجێبکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP