بەپەلە

پێکهاتەی حکومەتی داهاتوی عێراق ئاشکرادەکرێت

- 2/15/2020 11:06:00 AM 39214 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کابینەی حکومەتەکەی تەواوکردوە و ئامادەیە بۆ ئەوەی پێشکەشی پەرلەمانی بکات، دەشڵێت "عەلاوی لەگەڵ 100 کەسایەتیدا کۆبوەتەوە و 22 کەسی بۆ پۆستی وزاری دیاریکردوە".

محەمەد خالیدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی "شەرق لئەوسەت"ی راگەیاندوە، "پێکهاتەی حکومەتەکەی عەلاوی لە تەواوبوندایە و ئەگەری ئەوە هەیە رۆژی یەکشەممە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان بە ئامانجی دەنگدان لەسەری".

 

عەلاوی لەگەڵ 100 کەسایەتی کۆبوەتەوە و بڕیارە 22 کەس لەوان وەکو وەزیری کابینەکەی دیاریبکات

 

لەبارەی شێوازی دیاریکردنی وەزیرەکانیش، رونیکردوەتەوە عەلاوی لەگەڵ 100 کەسایەتی لە پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا کۆبوەتەوە و بڕیارە 22 کەس لەوان وەکو وەزیری کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات، هەمو ئەو کەسانەش پێشوتر هیچ پۆستێکی وزارییان نەبوە.

 

داوامانکردوە 18ی ئەم مانگە دەنگ لەسەر کابینەکە بدرێت


لەبارە دانیشتنی پەرلەمانیش ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەکردوە، "عەلاوی لە ماوەی 12 رۆژدا کابینەکەی تەواو کردوە و دەتوانێت پێشکەشی پەرلەمانی بکات، بەڵام بەشێک لەلایەنەکان نایانەوێت کۆبونەوەی پەرلەمان بەر لە ئاشکراکردنی پشکی ئەوان (حزبەکان) بەڕێوەبچێت، بۆیە داوامانکردوە 18ی ئەم مانگە دوا وادەی کۆبونەوەی پەرلەمان بێت بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی حکومەت".

 

یەکی شوبات د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق نامەی راسپاردنی بۆ سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پێشکەشی محەمەد تۆفیق عەلاوی کرد.

خۆپیشاندانەکانی عێراق ماوەی زیاتر لە چوار مانگە بەردەوامی هەیە داوای چاکسازی و لێپرسینەوە لەو بەرپرسانە دەکەن کە گەندەڵییان ئەنجامداوە، هاوکات دواین هەنگاوی لایەکانیش بۆ کاندیدکردنی محەمەد عەلاوی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رەتدەکەنەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP