بەپەلە

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە و کۆسرەت رەسوڵ ئامادەدەبێت

- 2/15/2020 10:04:00 AM 5202 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی بەشداری دەبێت.

ئارام قادر خەبات، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، کۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی یەکێتی کاتژمێر 10:00 بە بەشداری کۆسرەت رەسوڵ دەستیپێکردوە و تیایدا پەسەندکردنی بڕگەکانی پەیڕەوی ناوخۆ و دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی باس دەکرێت.
لە ئێستادا ئەوەی کە خاڵی ناکۆکە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەکانی یەکێتییە

 

لەبارەی پرسی هاوسەرۆکانی یەکێتی، ئارام قادر ئاماژەی بەوەکرد، پرسی هاوسەرۆکان کێشەی لەبارەوە نەماوە "لە ئێستادا ئەوەی کە خاڵی ناکۆکە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەرژەوەندیەکانی یەکێتییە".

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەی "نوێبونەوە"یدا کە لە 21ی مانگی 12ی ساڵی رابردو بەڕێوەچو، دەنگیدا بە هەریەکە لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی و ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی کە ئەوەی یەکەمیان لە حەوت ئەندام و دوەمیان لە 124 ئەندام پێکهاتوە.
 ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەیەوێت دەسەڵاتی ڤیتۆکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیان هەبێت و خاوەن بڕیاربێت

 

زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەیەوێت دەسەڵاتی ڤیتۆکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیان هەبێت و خاوەن بڕیاربێت، لە کاتێکدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەیەوێت ئەو ئەنجومەنە تەنها رۆڵی راوێژکاری هەبێت.

لە کۆبونەوەی پێنجشەممەی رابردوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدا 12 مادده‌ی په‌یڕه‌و تێپه‌ڕێندرا، یه‌كێك له‌و ماددانه‌ كه‌ رێژه‌ی ژنانه‌ كه‌ له‌ 25% ی كاروباره‌كان بۆ ژنان ده‌بێت.

مستەفا چاوڕەش، سه‌رپه‌رشتیاری كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رایگەیاند، "له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی ئه‌وه‌ كرا كه‌ ئه‌و حزبانه‌ی دێنه‌ ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ به‌ چی به‌رنامه‌یه‌ك بێن بۆیه‌ ئه‌و ماددانه‌ هه‌مو ئه‌ندامان به‌ كۆی ده‌نگ پشتیوانیان لێكردو تێپه‌ڕێنرا".

رونیشیکردەوە، "بابه‌تی دارایی گفتوگۆی ته‌واوی له‌سه‌ركراو ئه‌وه‌ به‌سترایه‌وه‌ به‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و هاوسه‌رۆكی و كارگێری مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌وانه‌وه‌، هه‌مو ئه‌و ئۆرگانانه‌ی كه‌ له‌ناو یه‌كێتییدا هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بۆ كۆنگره‌بێت یان بۆ ئیشوكاری ئیداری بێت ده‌بێت هه‌موی به‌ هه‌ڵبژاردن بێت، نه‌ك به‌ دامه‌زراندن".

نیشانەکردن :

#یەکێتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP