"دەنگ بە کابینەکەی عه‌لاوى نادەین"
هاوپه‌یمانى هێزه‌كان: دانوستانى راسته‌قینه‌ بۆ دیاریكردنى واده‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت نیە

- 2/15/2020 8:51:00 AM 1887 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى هێزه‌ عێراقییه‌كان رایدەگەیەنێت، ده‌نگ نادەن بە کابینەی محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەڵام ده‌بێت نوێنه‌رى پێكهاته‌كان به‌شداربن له‌ حكومه‌ته‌كه‌دا، دەشڵێت، "دانوستانێكى راسته‌قینه‌ نییه‌ له‌باره‌ى دیاریكردنى واده‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت".
 
فه‌لاح زه‌یدان، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى هێزه‌ عێراقییه‌كان بە ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى راگه‌یاند، "هاوپه‌یمانى هێزه‌كان ده‌نگ له‌سه‌ر حكومه‌تى نوێ نادات به‌هۆى میكانزمەکانی هه‌ڵبژاردنى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو".
پێویستە پارێزگارى له‌ پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق بكرێت له‌میان نوێنه‌رایه‌تیكردنى له‌ حكومه‌تدا

 

زه‌یدان ئاماژە بەوەدەکات، پێویستە پارێزگارى له‌ پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق بكرێت له‌میان نوێنه‌رایه‌تیكردنى له‌ حكومه‌تدا، چونكه‌ نوێنه‌رایه‌تى گه‌ل به‌گشتى ده‌كات نه‌گ چینێكى دیاریكراو یان فراكسیۆنى سیاسی به‌ته‌نها.

یه‌كی شوباتی ئەمساڵ، د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق راسپارد، كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی زۆری شیعه‌كانه‌وه‌ پشتیوانی لێده‌كرێت، لەوانە موقتەدا سەدر.
رێككه‌وتنێك هه‌یه‌ له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك وه‌زیران له‌رێگاى ریزى نیشتمانى و جێى ره‌زامه‌ندى خۆپیشانده‌ران بێت

 

فه‌لاح زه‌یدان وتیشى، "رێككه‌وتنێك هه‌یه‌ له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك وه‌زیران له‌رێگاى ریزى نیشتمانى و جێى ره‌زامه‌ندى خۆپیشانده‌ران بێت".
هۆكارى دیكه‌ى ده‌نگنه‌دان به‌حكومه‌ت بریتییه‌ له‌وه‌ى دانوستانێكى راسته‌قینه‌ نییه‌ له‌باره‌ى دیاریكردنى واده‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت

 

رونیشیكرده‌وه‌، "هۆكارى دیكه‌ى ده‌نگنه‌دان به‌حكومه‌ت بریتییه‌ له‌وه‌ى دانوستانێكى راسته‌قینه‌ نییه‌ له‌باره‌ى دیاریكردنى واده‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت".

محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو تەنها مانگێکی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، لە یەکەم لێدوانیشیدا دوای راسپاردنی داوای پاڵپشتی له‌سه‌رجه‌م خۆپیشانده‌ران و لایه‌نه‌كان كرد و وتی، "پاڵپشتیم بكه‌ن بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ئه‌نجامدانی چاكسازی"، بەڵام تا ئێستا لەلایەن بەشێک لە خۆپیشاندەرانەوە پەسەندنەکراوە.

نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP