بەپەلە

دوای سێ مانگ لە بومەلەرزەکەی ئەلبانیا هێشتا دەیان هەزار کەس بێ ماڵ و شوێنن

- 2/14/2020 8:33:00 PM 1191 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مانگی تشرینی دوەمی ساڵ رابردو، بومەلەرزەیەکی بەهێز تیرانای پایتەختی ئەلبانیای هەژاند، بەهۆی گەورەیی قەبارەی زیانەکان حکومەتی ئەو وڵاتە باری نائاسی راگەیاند، دوای نزیکەی سێ مانگ لەو کارەساتە هێشتا دەیان هەزار کەس بێ ماڵ و شوێنن و قەرەبو نەکراونەتەوە.
نزیکەی 32 هەزار کەس لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا ماوەی سێ مانگە بێ ماڵ و شوێنن

 

بەگوێرەی راپۆرتێکی ریکخراوی ریلیفوێب، نزیکەی 32 هەزار کەس لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا ماوەی سێ مانگە بێ ماڵ و شوێنن، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە خانوەکانیان خاپور بوبو.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی بێ ماڵ و شوێن بون لە ژێر خێمەدا دەمێننەوە و لە بارودۆخێکی خراپدا گوزەران دەکەن، بەشێکی دیکەشیان لە مالی خزم و کەسوکاریان دەمێننەوە، ژمارەیەکیش لە ئوتێل و مۆتێلدا دەمێننەوە.

بۆ بەهاناوەچونی ئەو کەسانە، رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی بە هاوکاری چەندین رێکخراوی دیکەی جیهان، هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی ئابوریان دەستپێکردوە، بەگوێرەی زانیاریەکان تا ئێستا زیاتر لە پێنج ملیۆن فرانکی سویسری کۆکراوەتەوە.

بەیانی رۆژی 27ی تشرینی دوەمی ساڵ رابردو بومەلەرزەیەک بەگوڕی 6.4 پلە بەپێوەری رێختەر بەشی رۆژئاوای ئەلبانیای لەنزیک تیرانای پایتەخت هەژاند، بەهۆیەوە زیاتر لە 60 کەس گیانیان لەدەستدا.

دوای یەک رۆژ لە روداوەکە، حکومەتی ئەلبانیا بارودۆخی نائاسایی راگەیاند و هەڵمەتی گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی کەوتبونە ژێر دارو پەردوی باڵەخانە روخاوەکان دەستیپێکرد.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP