ئەردۆگان سكاڵای یاسایی لەسەر كڵچدارئۆغڵو تۆماردەكات و داوای نیو ملیۆن لیرەی لێدەكات

- 2/14/2020 5:57:00 PM 2987 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك كۆماری توركیا، داوایەكی یاسایی لەسەر سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی تۆماركرد و وەك قەرەبو داوای نیو ملیۆن لیرەی توركیی لێدەكات، كە هاوتایە بە 82 هەزار دۆلاری ئەمریكی.

ساكاڵا لەسەر سەرۆكی ئەو پارتە تۆماركراوە و داوای 82 هەزار دۆلاری ئەمریكی لێدەكرێت

سەبارەت بە وتەكانی ئەمدواییەی كەمال كڵچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی توركیا كە یەكێكە لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی، حسێن ئایدن، پارێزەری رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند "بەهۆی دەربڕینی وتە و بانگەشەی ناڕاستەوە لە یەكێك لە دانیشتنەكانی كوتلەی پارتی گەل لە پەرلەماندا، ساكاڵا لەسەر سەرۆكی ئەو پارتە تۆماركراوە و داوای 82 هەزار دۆلاری ئەمریكی لێدەكرێت.
پارێزەرەكەی ئەردۆگان ئاماژەی بەوەشكرد "دۆسیەكە لە 11ی ئەم مانگەوە دەستیپێكردوە و سكاڵاكەش لەسەر تۆمەتباركردنی ئەردۆگان-ە لەلایەن كڵچدارئۆغڵو-ەوە، كە لەمیانی وتەكانیدا بە هەبونی پەیوەندیی بە بزاڤتی گیولێن تۆمەتباری كردوە".
تاكە باڵی سیاسی سەر بە بزاڤتی فەتحوڵا گیولێن ئەو كەسەیە كە لەسەر كۆشكی سەرۆكایەتی ناو كۆشكدا دانیشتوە


رۆژنامەی حوڕییەتی توركی لەوبارەیەوە رونیكردوەتەوە "لەمیانی وتەیەكیدا، كڵچدارئۆغڵو باسی لەوەكردوە، یەكەمین و تاكە باڵی سیاسی سەر بە بزاڤتی فەتحوڵا گیولێن ئەو كەسەیە كە لەسەر كۆشكی سەرۆكایەتی ناو كۆشكدا دانیشتوە، كە ناوی رەجەب تەییب ئەرۆدگانە".

دەستبەجێ پاش ئەو وتانە، رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا وەڵامیدایەوە و رایگەیاند "كڵچدارئۆغڵو و دارودەستەكەی باڵی سیاسی گیولێنن".

پاش ئەوەی ساڵی 2016 هەوڵدرا كودەتایەكی سەربازی دژ بە دەسەڵاتەكەی رەجەب تەییب ئەدۆگان، سەرۆك كۆماری ئێستای توركیادا ئەنجامبدرێت و كودەتاكە شكستیخوارد، حكومەتەكەی ئەردۆگان تەواوی تۆمەتەكەیان خستە پاڵ جوڵانەوەی خزمەت و تا ئێستاش بە تۆمەتی هەبونی پەیوەندی بەو جوڵانەوەیەوە لە سەرجەم دام و دەزگا و چین و توێژە جیاوازەكانی وڵات هاوڵاتیان دەستگیردەكرێن.

ئەو كودەتایە بوە بەهانەیەكیش بۆ دەسەڵاتدارانی وڵات، تا لەو رێگەیەوە چۆن و كەی بیانەوێت دۆخی نائاسایی رابگەیەنن و پەلەمان فەرامۆشبكەن، لەو رێگەیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندام و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵات دەستگیردەكەن.


نیشانەکردن :

#ئه‌ردۆغان #تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP