شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی نەرویژ کۆدەبێتەوە

- 2/14/2020 5:50:00 PM 1521 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەر لە شاری ئۆسلۆ لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی نەرویژ کۆبونەوە و دۆخی ناوچەکە پرسی روبەربونەوەی تیرۆریان تاوتوێ کردوە، بەپرسێکی کوردیش دەڵێت "بیروڕا لەبارەی زۆر پرس ئاڵوگۆڕکراوە".

راگەیاندنی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ لەبارەگای وەزارەتی دەرەوەی نەرویژ شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەر کە پێکهاتون لە ریاز دەرار و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکانی مەسەدە و عەبدولکەریم عومەر بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ ئودۆن هالفۆرسن جێگری وەزیری دەرەوەی نەریژ و بەرپرسی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سوریا و عێراق کۆبونەتەوە.



ئەوەش هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا دۆخی سوریا بە گشتی و دۆخی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەتی دوای هێرشەکانی سوپای تورکیا و "گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە"، پرسی هاوکاری ئاوارەکان و گەرەنتیکردنی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکانیان تاوتوێکردوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، وەستانی پرۆسەی سیاسی لە سوریا، کۆبونەوەکانی جنێڤ و پرسی راگیراوانی داعش لە زیندانەکاندا گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.



دوای کۆبونەوەشیان لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمانی نەرویژ، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە رایگەیاندوە، "کۆبونەوەکانمان سەرکەتوبون و لەبارەی زۆرپرس بۆچونەکان لەیەکەوە نزیک بون، هەروەها لەبارەی زۆرینەی کێشە سەرەکییەکانی ناوچەکە بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP