وێنە.. پاڵەوانێكی پێنج ساڵان حەوت ئەندامی خێزانەكەی و سەگەكەی لە مردن رزگاردەكات

- 2/14/2020 4:52:00 PM 20585 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاش كەوتنەوەی ئاگر لە ماڵەكەیاندا منداڵێكی پێنج ساڵان، خوشكە بچوكەكەی بەرەو دەرەوەی ماڵەكە پاڵدەنێت و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ رزگاركردنی سەگەكەی، لێدانی زەنگی ئاگاداركردنەوەی ماڵەكەش لەلایەن ئەو منداڵەوە بوە هۆی رزگاربونی شەش ئەندامی دیكەی خێزانەكە.

نوح ود، كە منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵانە و دانیشتوی شارۆچكەیەكی جۆرجیایە، حەوت ئەندامی خێزانەكەی و سەگەكەی لە سوتان رزگاركرد، پاش ئەوەی خانوەكەیان لەكاتێكدا گڕیگرت كە گەورەكانی لە شیرینەی خەودا بون و بەوهۆیەوە ئەو منداڵە برینداربوە.

دەیلی مەیڵ-ی بریتانیی ئاماژەی بەوەكردوە، لەكاتی كەوتنەوەی ئاگرەكەدا نوح و خوشكە دوساڵانەكەی "لیلی" لە هەمان ژوردا پێكەوە بون، دەستبەجێ نوح پاڵی بە خوشكەكەیەوە ناوە و لەرێگەی پەنجەرەی ژێرزەمینی ماڵەكەیانەوە كردویەتیە دەرەوە، دواتریش گەڕاوەتەوە بۆ رزگاركردنی سەگەكەیان.

نوح لەوبارەیەوە وتی "لیلی-م بەرزكردەوە بۆ پەنجەرەكە، دواتر بە هەمانشێوە گەڕامەوە و سەگەكەم بەرزكردەوە و لە پەنجەرەكە كردمە دەرەوە".

ئەو پاڵەوانی پێنج ساڵانە كە لە ئێستادا نازناوی پیاوی ئاگركوژێنەوەی بچوكی پێبەخشراوە، پاش رزگاركردنی خوشكەكەی و ئاژەڵە ماڵییەكەیان، گەڕاوەتەوە و بەپەلە مامی لە ئاگرەكە ئاگاداركردوەتەوە، پێكەوە زەنگی ئاگاداركردنەوەیان هەڵكردوە و سەرجەم ئەو ئەندامانەی دیكەی خێزانەكەیان لەخەو بەخەبەرهێناوە و بێزیان رزگاریان بوە".

سەرەڕای ئەوەی هیچكام لە ئەندامانی خێزانەكەی توشی هیچ زیانێك نەبونەتەوە، بەڵام بەشێك لە دەستەكانی نوح بە ئاگرەكە سوتاوە و توشی تەنگەنەفەسی بوە لەكاتی رزگاركردنی خانەوادەكەیدا.

نوح دەڵێت نازانێت ئاگرەكە چۆن و لەكوێوە سەرچاوەی گرتوە، بەڵام دوار پۆلیسی لێكۆڵینەوە ئاماژەی بەوەكرد "ئاگرەكە بەهۆكاری كارەبای ناو ماڵەكەوە كەوتوەتەوە". 

نیشانەکردن :

#جۆراوجۆر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP