نوێنەری سیستانی: شکستی سیاسی پەیوەندی بە پێشێلکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە

- 2/14/2020 4:33:00 PM 798 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاند، شکستی پرۆسەی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای عێراقیدا پەیوەندی هەیە بە تێکچون و شکستی "بەها سیاسی و ئەخلاقییەکان"، هاوکات داوای کاراکردنی رۆڵی دەوڵەت لە پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکات.

عەبدولمەهدی کەربەلائی نوێنەری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە وتاری ئەمڕۆیدا  رونیکردوەتەوە، "پێویست دەکات پرۆسەی سیاسی، کۆمەڵاتی بگەڕێندرێتەوە سەر رێگای راست، چونکە کاریگەری خراپی هەبوە و دەرئەنجامەکەشی شکستی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بوە".

 

لەم چەند ساڵەی دوایدا ژمارەیەک ئاکاری نامۆ لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبوەتەوە


ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرچەندە کۆمەڵگای عێراقی خاوەنی ژمارەیەک بەهای کۆمەڵایەتی و ئاینی رێزلێگیراوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایدا ژمارەیەک ئاکاری نامۆ لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبوەتەوە و پێویست دەکات چارەسەر بکرێت لەناویشیاندا "هێرشکردنە سەر مامۆستایان و هەمو ئەوانەی خزمەتی وڵات دەکەن".

ئەوەشی خستەڕو، زیادبونی گەندەڵی و بەهەردەدانی ماڵی گشتی کۆمەڵێک ئاکاری نامۆن بە کۆمەڵگای عێراقی و گرنگیدان بە زانست و لایەنی رۆشنبیری پێویست دەکات هاوئاست بێت لەگەڵ گرنگیدان بە لایەنەکانی دیکە وەکو سیاسەت و راگەیاندن.

 

رۆڵی دەسەڵات و دەوڵەت لە جێبەجێکردنی بنەما ئەخلاقییەکان و سزادانی ئەوانەی سەرپێچی دەکەن نابیندرێت


نوێنەری سیستانی رونیکردوەتەوە، رۆڵی دەسەڵات و دەوڵەت لە جێبەجێکردنی بنەما ئەخلاقییەکان و سزادانی ئەوانەی سەرپێچی دەکەن نابیندرێت، "کاتێک دەوڵەت بونی نامێنێت دەسەڵاتی گەل دێت، بەداخەوە لە ئێستادا دەستپاکی و دادپەروەری و میهرەبانی بەدیناکرێت".


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP