ئەفغانستان.. واشنتن و تاڵیبان لەسەر ئاگربەست رێككەوتن

- 2/14/2020 4:25:00 PM 995 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و تاڵیبان رێككەوتن لەسەر راگەیاندنی هەفتەیەك ئاگربەست و راوەستاندنی توندوتیژی لە ئەفغانستان، وەزیری بەرگری ئەمریكاش رایگەیاند "سەبارەت بە ئەنجامدانی گرێبەستی ئاشتی هەنگاوەكان لە بەرەوپێشچوندان".
واشتن و تاڵیبان سەبارەت بە هەفتەیەك ئەنجامدانی ئاگربەست گەیشتونەتە رێككەوتن

مارك ئێسپەر، وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە پەراوێزی كۆبونەوەی وەزیرانی بەرگری هاوپەیمانیی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) رایگەیاند "واشتن و تاڵیبان سەبارەت بە هەفتەیەك ئەنجامدانی ئاگربەست گەیشتونەتە رێككەوتن"،
نزیكبونەوەشمان لەیەكدی لەسەر بنەمای ژمارەیەك مەرجە


ئاماژەی بەوەشكرد "هەمیشە وتومانە باشترین چارەسەر لە ئەفغانستان چارەسەری سیاسیە و لەو روەوە پێشكەوتنمان بەخۆوە بینیوە، بەمنزیكانەش زانیاری نوێ رادەگەیەنین و نزیكبونەوەشمان لە یەكدی لەسەر بنەمای ژمارەیەك مەرجە".

كەمێك پاش لێدوانە رۆژنامەوانییەكەی ئێسپەر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند "وڵاتەكەی زۆر نزیكە لە بەئەنجامگەیاندنی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ بزوتنەوەی چەكداریی تاڵیباندا".

ترەمپ لەمیانی چاوپێكەوتنێكی رادیۆییدا وتی "پێموایە ئێمە زۆر نزیكین لەو رێككەوتنە، هەلی نوێ هەیە بۆ سەركەوتنی ئەو رێككەوتنە و لە دو هەفتەی داهاتودا زانیاری زیاترمان دەبێت".


نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #تاڵیبان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP