زیاتر له‌ 33 وڵات هاوكاری ته‌ندروستی ره‌وانه‌ی چین ده‌كه‌ن

- 2/14/2020 3:42:00 PM 690 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

گینگ شوانگ وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین رایگه‌یاند، زیاتر له‌ 30 ده‌وڵه‌ت و چوار رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاری پزیشكیان ره‌وانه‌ی چین كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی روبه‌روبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

گینگ شوانگ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند،"به‌مه‌به‌ستی روبه‌روبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی چین هه‌مو هه‌وڵه‌كانی خۆی خستوه‌ته‌ گه‌ڕو متمانه‌مان به‌توان پزیشكیه‌كانیشمان له‌و روه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌هه‌مانكاتدا زیاتر له‌ 33 وڵات و چوار رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاری ته‌ندروستیان پێشكه‌ش به‌چین كردوه‌".
17 وڵات و رێكخراوی دیكه‌ی جیهانی ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ كه‌ هاوكاری ره‌وانه‌ی چین بكه‌ن

 

ئاشكراشیكرد، 17 وڵات و رێكخراوی دیكه‌ی جیهانی ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ كه‌ هاوكاری ره‌وانه‌ی چین بكه‌ن.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ینی لیژنه‌ی ته‌ندروستی نیشتمانیی چین دواین ئاماری توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنای راگه‌یاندو ئاشكراشیكرد، ژماره‌ی گیانله‌ستدان به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ 1380 كه‌س و زیاتر له‌ 63 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش توشی ئه‌و ڤایرۆسه‌ بون.

مانگی رابردو ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌چین بڵاوبوه‌ته‌وه‌ كه‌ ڤایرۆسێكی كوشنده‌یه‌و تا ئێستاش 25 حاڵه‌تی توشبون به‌و ڤایرۆسه‌ له‌وڵاتانی دیكه‌ی جیهان تۆماركراوه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP