ئه‌ڵمانیاو ئه‌مریكا جه‌خت له‌سه‌ر روبه‌روبونه‌وه‌ی داعش له‌عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌

- 2/14/2020 3:23:00 PM 661 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

مارك ئیسپه‌ر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكاو ئه‌نگرێت كرامپ هاوتا ئه‌ڵمانیه‌كه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌ئه‌ركه‌ سه‌ربازیه‌كانیان له‌عێراق بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی گروپی تیرۆرستی داعش ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیداو له‌چوارچێوه‌ی كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ، له‌گه‌ڵ ئه‌نگرێت كرامپ وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا ، مارك ئیسپه‌ر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی كارده‌كات بۆ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی نێوان هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش و عێراق بۆئه‌وه‌ی روبه‌روی گروپی تیرۆرستی داعش ببنه‌وه‌.

وتیشی:"به‌وردی چاودێری جموجۆڵه‌كای داعش ده‌كه‌ین و كاره‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌عێراق كۆتایی نه‌هاتوه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، دۆخی عێراق ناجیگره‌و ئه‌مڕۆش له‌كۆبونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی تاوتوێكراوه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ناتۆ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی له‌عێراق.

هاوكات، ئه‌نگرێت كرامپ وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانیانی له‌عێراق دیاریكردوه‌، له‌ئێستاشدا به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌مه‌شق و راهێنانه‌ سه‌ربازیه‌كان به‌سه‌ربازانی عێراق.

ئه‌وه‌شی وت:" ئه‌ڵمانیا به‌شداره‌ له‌شه‌ڕی دژ به‌داعش، تاوه‌كو كۆتاییهاتنی ئه‌و گروپه‌ تیرۆرستیه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌و روه‌شه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت په‌ره‌به‌توانای هێزه‌ عێراقیه‌كان بده‌ین".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP