توركیا گواستنەوەی كەلوپەلە سەربازییەكانی بۆ سوریا بەڕێژەیەكی زۆر بەرزكردەوە

- 2/14/2020 2:01:00 PM 736 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند،"توركیا كاروانێكی نوێی سەربازی رەوانەی سوریا كردوە كە لە نزیكەی 100 بارهەڵگری كەلوپەلی سەربازی و چەكی قورس پێكهاتوە"

روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشكردوە، لە چوارچێوەی ناردنی هێز بۆ سوریا لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا تاكو ئێوارەی شەوی رابردو، سوپای توركیا 1900 بارهەڵگری چەك و كەلوپەلی سەربازی كە چەندین مودەرەعە و تانكی تێدابوە بەرەو ناوچە سنورییەكانی نزیك پارێزگای حەلەب و ئیدلیب بردوە.

لەلایەكی دیكەشەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشكردوە، هێزەكانی رژێمی سوریا شاری ئەتاربی لە نزیك حەلەب كۆنتڕۆڵكردوە.

پێكدادانەكان لە پارێزگای ئیدلیب-ی باكوری سوریا نزیكەی سێ مانگە لەنێوان گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا و سوپای سوریا بەردەوامی هەیە، لەكاتێكدا حكومەتی روسیا پشتیوانی لە هێزەكانی سوریا دەكات، ئەنقەرەش بەشێك لە سەربازانی خۆی رەوانەی ئەو ناوچەیە كردوە.

لە 25ی مانگی رابردوەوە هێزەكانی سوریا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرەو تێپەڕاندنی سنورەكانی چواردەوری ئەو پارێزگایە چوەتە پێشەوە و تا ئێستا لە هەردولا دەیان كوژراو و بریندار هەیە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP