سه‌ركرده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی نهێنی هاوكاریكردنی داعش له‌كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌دین ئاشكرادەكات

- 2/14/2020 12:08:00 PM 19355 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عه‌لی حسێنی فه‌رمانده‌ له‌حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند، گروپی تیرۆرستی داعش له‌پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركوك چه‌كی نوێ و پێشكه‌وتویان پێیه‌، ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت له‌رێگه‌ی هه‌ندێك لایه‌نه‌وه‌ به‌نهێنی هاوكاری ده‌كرێن.

عه‌لی حسێنی رایگه‌یاند، ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی له‌ناوبردنی گروپی تیرۆرستی داعش له‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركوك به‌رده‌وامی هه‌یه‌، ده‌ستمانگرتوه‌ به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی نوێ و پێشكه‌وتودا كه‌ ئه‌و گروپه‌ به‌كاریهێناوه‌.

وتیشی:"چه‌كه‌ پێشكه‌وته‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ له‌رێگه‌ی لایه‌نێكه‌وه‌و به‌شێوازی نهێنی، پشتیوانی و هاوكاری ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ چه‌كداره‌كانی داعش".

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌مریكاش تۆمه‌تبارده‌كات به‌هاوكاریكردنی گروپی تیرۆرستی داعش و ده‌شڵێت: "ئه‌مریكاو ژماره‌یه‌ك لایه‌نی دیكه‌ ده‌یانه‌وێت پارێزگاری له‌مانه‌وه‌ی داعش بكه‌ن، هه‌ر ئه‌و پاڵپشتیه‌ش وایكردوه‌ كه‌ ئه‌و گروپه‌ به‌ته‌واوی له‌ناو نه‌چێت".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، به‌هه‌مو جۆرێك روبه‌روی گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان و هاوكاره‌كانیان ده‌بنه‌وه‌و وتی:"ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت داعش وه‌ك كارتێكی فشار بهێڵێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌عێراق بمێنێته‌وه‌".

داواشی له‌حكومه‌تی عێراق كرد، هه‌ڵوێستی رونی له‌سه‌ر هاوكاریكردنی گروپه‌ تیرۆرستیه‌كان هه‌بێت و بۆ رایگشتی-ش زانیاریه‌كان ئاشكرابكات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP