بەپەلە

په‌رله‌مانتارێكی هاوپه‌یمانی فه‌تح: كورد سازش له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی ناكات

- 2/14/2020 11:02:00 AM 2164 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئه‌حمه‌د كینانی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی فه‌تح رایده‌گه‌یه‌نێت، ژماره‌یه‌ك سیناریۆ له‌به‌رده‌م هێزه‌ كوردی و سوننییه‌كان هه‌یه‌و نایانه‌وێت به‌هیچ جۆرێك سازش له‌سه‌ر ئیستحقاقه‌كانیان له‌حكومه‌تی نوێ به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی بكه‌ن.

ئه‌حمه‌د كینانی رایگه‌یاند، هێزه‌ شیعییه‌كان سازشێكی زۆریان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق كردوه‌، به‌ڵام تا ئێستا هێزه‌ كوردی و سوننییه‌كان هیچ سازشێكیان نه‌كردوه‌و سورن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئیستحقاقه‌كانیان به‌تایبه‌ت وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی دارایی له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، له‌ئێستادا ژماره‌یه‌ك سیناریۆ له‌به‌رده‌م حكومه‌تی نوێ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان پێدانی ئیستحقاقه‌كانی كورد و سوننه‌كان، دوه‌میشیان ره‌تكردنه‌وی داواكاری كوردو سوننه‌كان به‌وه‌ش ده‌نگدان له‌سه‌ر كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی كاتی عێراق دواده‌كه‌وێت".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر كوردو سوننه‌كان سوربن له‌سه‌ر داواكاریه‌كانیان، ئه‌وا لایه‌نه‌ شیعیه‌كانیش چیتر سازش ناكه‌ن له‌سه‌ر هیچ كام له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان و به‌تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر كوردو سوننه‌كان.

ئه‌حمه‌د كینانی داواشیكرد، هه‌مولایه‌نه‌كان سازش له‌مافه‌كانیان بكه‌ن و هه‌وڵی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ به‌ئامانجی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی شه‌قام و پاراستنی سه‌قامگیری ئه‌منی بكه‌ن.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ محه‌مه‌د خالدی له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندبو، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتو، ده‌نگ له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق و سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌درێت.

یه‌كی ئه‌م مانگه‌، د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق راسپارد، كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی زۆری شیعه‌كانه‌وه‌ پشتیوانی لێده‌كرێت.

ڕۆژی 1-12-2019 نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ندكرا، دوای زیاتر له‌ دو مانگیش عه‌لاوی بۆ شوێنگره‌وه‌ عه‌بدولمه‌هدی راسپێردرا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP