حه‌لبوسی و فوئاد حسێن تاوتوێی پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت دەکەن

- 2/13/2020 10:44:00 PM 2104 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و فوئاد حسێن، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری ئابوری و دارایی عێراق کۆبونەوە و لەبارەی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت گفتوگۆیان کرد.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی پێشوازیكردوه‌ له‌ فوئاد حسێن و له‌دیدارێكدا گفتوگۆیان له‌باره‌ی گرنگی  هه‌ڵوێستی رونی هێزه‌ سیاسییه‌كان كردوه‌ بۆ كاروباری وڵات و هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتیه‌كان.
گفتوگۆیان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت به‌گوێره‌ی خواست و داواكاری گه‌لی عێراق كردوه‌

 

هه‌ر به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، هه‌ردولا جه‌ختیان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی داواكاری پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق كردوه‌ته‌وه‌، هاوکات گفتوگۆیان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت به‌گوێره‌ی خواست و داواكاری گه‌لی عێراق كردوه‌.
بارەگای بارزانی هەفتە زیاترە لەرێی د.فوئاد حسێن-ەوە، بۆ پشکی پارتی لە حکومەتی داهاتوی عێراق لە دانوستاندایە

 

دوێنێ چوارشەممە هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بارەگای بارزانی هەفتە زیاترە لەرێی د.فوئاد حسێن-ەوە، بۆ پشکی پارتی لە حکومەتی داهاتوی عێراق لە دانوستاندایە، بەڵام سەرۆکی هەرێم لایەنە سیاسیەکانی کۆکردوەتەوە، گوایە بۆ پشکی کورد پێکەوە بە یەکڕیزی دانوستان دەکەن".
11ی ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نوێنەری فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە بەغدا و نوێنەری چەند لایەنێکی سیاسی کۆبوەوە

 

ئەو لێدوانەی هۆشیار عەبدوڵا لەکاتێکدایە 11ی ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە بەغدا و نوێنەری چەند لایەنێکی سیاسی کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق و هه‌نگاوه‌كانى یه‌كخستنى هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌كان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێم بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كانى گۆڕه‌پانى سیاسیى عێراق و كوردستان، هه‌روه‌ها گفتوگۆ ده‌رباره‌ى هه‌نگاوى كرده‌یى بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانیى فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان، تاوتوێكران.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP