له‌ سلێمانى بریكارێكى دابه‌شكردنى غاز سزادرا

- 2/13/2020 6:45:00 PM 11334 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قایمقامیه‌تى سلێمانى رایگەیاند، به‌هۆكارى گرانكردنى نرخ و دروستكردنى قه‌یرانى غازى ماڵان بریكارێكى دابه‌شكردنى غاز داخرا، و سه‌رۆكى لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانیش ده‌ڵێت، بڕى پێویست غاز له‌ سلێمانى دابین ده‌كرێت و هیچ گرفتێك نیه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ به‌هۆى فرۆشتنى غاز زیاتر له‌ نرخى دیاریكراو دروستكردنى قه‌یرانى غازى ماڵان بریكارێكى دابه‌شكردنى غاز له‌ گه‌ڕه‌كى كوردسات داخرا و له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیه‌كه‌ى خانه‌كه‌ى روبه‌ڕوى سزاى یاسایی كرایه‌وه‌.

له‌شكر حه‌مید، سه‌رۆكى لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگەیاند، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌وردى چاودێرى كۆى پرۆسه‌ى دابه‌شكردن و فرۆشتنى غاز ده‌كات و له‌ هه‌ر شوێنێك گرفتێك له‌ نرخ یان شێوازى دابه‌شكردنه‌كه‌ى هه‌بێت به‌ ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى ده‌ست به‌جێ به‌دواداچونى پێویست ده‌كه‌ن.

ئاماژەی بەوەشکرد، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گرفتى غازى سروشتى  له‌ سلێمانى نیه‌و رۆژانه‌ بڕى پێویستى غاز دابین ده‌كرێت و به‌شێوه‌یه‌كى یه‌كسان دابه‌شده‌كرێت، به‌سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانى سلێمانیدا و له‌ به‌رئه‌وه‌ هیچ بیانویه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ گرانكردنى نرخ یان دروستكردنى قه‌یرانى غاز.

له‌شكر حه‌مید وتیشى، به‌هۆى دروستكردنى قه‌یران و فرۆشتنى زیاتر له‌ نرخى دیاریكراو له‌گه‌ڕه‌كى كوردساتى شارى سلێمانى بریكارێكى غاز فرۆشتنیان به‌هاوكارى تیمه‌كانى ئاسایشى سلێمانى داخست و به‌توندیش خاوه‌نه‌كه‌ى روبه‌ڕوى سزایى یاسایى ده‌كه‌نه‌وه‌،.

سه‌رۆكى لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رونیکردەوە، نرخى هه‌ر بوتڵێك غاز ته‌نیا حه‌وت هه‌زار و 500 دیناره‌و هه‌ر بریكارێك  یان هه‌ر دوكانێكى فرۆشتنى غاز زیاتر له‌و نرخه‌ غاز بفرۆشێت روبه‌ڕوى سزایى توندى یاسایى ده‌كرێته‌وه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP