سمارتفۆنی S20ی سامسونگ، كێبڕكێ لەگەڵ ئایفۆن و هواوی دەكات

- 2/12/2020 5:16:00 PM 3446 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سامسونگ، ئەو كۆمپانیایەی لە جیهاندا زۆرترین رێژەی مۆبایل و سمارتفۆن دەفرۆشیت و ساڵانە یەكەمین كۆمپانیایە پەردە لەسەر بەرهەمە نوێیەكانی لادەدات، بۆ 2020 زنجیرەی بەرهەمەكانی گالاكسی S20ی نمایشكرد، ئەوەش پاش تەنها 48 كاتژمێر لە نمایشكردنی گالاكسی Z-فڵیپ، كە شاشەكەی توانای نوشتانەوەی هەیە.

تایبەتمەندییەكانی زنجیرەی گالاكسی ئێس-ی نوێ، لە كێبڕكێدان لەگەڵ ئایفۆن-ی كۆمپانیای ئەپڵ، پیكسڵ-ی كۆمپانیای گوگڵ و سمارتفۆنە نایاب و نوێیەكانی هواوی، پێشبینیدەكرێت S20 لە ساڵی 2020دا بەراورد بە سمارتفۆنەكانی دیكە زۆرترین فرۆشی هەبێت.

سمارتفۆنی S20ی گالاكسی خاوەنی هەشت تایبەتمەندییە، كە خستویەتیە ریزبەندی پێشەوەی مۆبایلە نایابەكانی جیهان، ئەو تایبەتمەندیانەش بریتین لە:

1. كامێراكەی توانای 100 هێندە گەورەكردن (زومكردن)ی هەیە
2. كوالیتی وێنەكانی 108 مێگاپیكسڵ-ە
3. دو جۆری (5G) نەوەی پێنجەمی تێكەڵكردوە: جۆری ستانداردی  Sub 6 و شەپۆلی میلیمەتری (خێراترین)
4.  شاشەكەی 120 هێرتز روناكی و درەوشانەوەی زیاتردەبێت بۆ ڤیدیۆ و یاریكردن
5. كوالیتی رێكۆرد و ڤیدیۆی 8k-ە 
6. باترییەكەی 5000 میلیئامپێر-ە
7. 25 وات خێرایی بارگاویكردن لەناو بۆكسەكەیدا هەیە و توانای هەڵگرتنی 45 وات-ی دیكەی هەیە
8. تەنها بە یەك كرتە، توانای چركاندنی 10 وێنە و تۆماركردنی چوار ڤیدیۆی هەیە


زنجیرەی گالاكسی S20 سێ سمارتفۆن لەخۆدەگرێت كە بریتین لە (گالاكسی S20، گالاكسی S20 PLUS، گالاكسی S20 ULTRA)، داواكاری كڕینی پێشوەخت بۆ هەرسێ سمارتفۆنەكە تا 21ی شوبات دەبێت و رێكەوتی 6ی ئازار دەگاتە بازاڕەكان.

هەریەك لە گالاكسی S20 و S20 PLUS خاوەنی كامێرایەكی 64 مێگاپیكسڵ-ن، توانایان هەیە 30 هێندە وێنە و فۆتۆ گەورەبكەن، بەڵام گالاكسی Ultra  S20 كامێراكەی 108 مێگاپیكسڵ-ە و تواناەی 100 هێندە گەورەكردنی فۆتۆی هەیە، ئەوەش 50 جار لە توانای گەورەكردنی سمارتفۆنی (هواوی p30 pro) كامێراكەی زۆرترە.

توانای بارگاویكردنی باترییەكان:
گالاكسی S20 :   4000 میلیئامپێر 
گالاكسی S20 PLUS :  4500 میلیئامپێر
گالاكسی S20 ULTRA: 5000 میلیئامپێر

 

كامێرای پێشەوەی S20 و S20 plus كوالیتیان 10 مێگاپیكسڵە، بەڵام S20 ultra چوار هێندە زیاترە و 40 مێگاپیكسڵە، لەكاتێكدا كوالیتی تۆماركردن ڤیدیۆ بۆ هەرسێكیان 8Kە، توانای خەزنكردن لە S20دا 128 گێگابایتە، بەڵام S20 PLUS دو جۆری هەیە كە یەكێكیان 128 و ئەوی دیكەیان 512 گێگابایتە و Ultra  S20ش بە هەمانشێوە.

Ultra  S20ی سامسونگ یەكەم مۆبایل مۆبایلە كە رام-ەكەی 16 گێگابایت بێت، S20 و S20 plusیش رام-یان 12 گێگابایتە.

نرخەكانیان لە 1000 دۆلاری ئەمریكیەوە دەستپێدەكات، بەگوێرەی بڵاوكراوەی كۆمپانیای سامسونگ، نرخی گالاكسی S20 لەئێستادا 1000 دۆلاری ئەمریكیە، گالاكسی S20 PLUS نرخەكەی 200 دۆلار زیاترە دەكاتە 1200 دۆلار،  نرخی گالاكسی S20 ULTRA كە تایبەتمەندییەكانی لە هەردو سمارتفۆنەكەی دیكی كوالیتی بەرزترە، 1400 دۆلاری ئەمریكیە.


نیشانەکردن :

#زانستیی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP