فه‌تح: یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانی كارنامه‌ی حکومەت ده‌ركردنی هێزه‌ بیانیه‌كان نەبێت، دەنگی پێنادەین

- 2/12/2020 3:50:00 PM 1125 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی هاوپه‌یمانی فه‌تح لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هێزە شیعەکانی عێراق ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی ناده‌ن، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ تایبه‌ت نەبێت بە ده‌كردنی هێزه‌ بیانیه‌كان له‌ عێراق.
داوامان لە عەلاوی کردوە به‌ویستی خۆی و به‌شێوه‌یه‌كی بێلایه‌ن كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی دور له‌ده‌ستێوه‌ردانی كوتله‌ سیاسییه‌كان پێكبهێنێت

 

كه‌ریم علێوی، ئەندامێکی هاوپه‌یمانی فه‌تح لە پەرلەمانی عێراق له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "وه‌ك هاوپه‌یمانی فه‌تح داوامان ئاڕاسته‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق كردوه‌، به‌ویستی خۆی و به‌شێوه‌یه‌كی بێلایه‌ن كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی دور له‌ده‌ستێوه‌ردانی كوتله‌ سیاسییه‌كان پێكبهێنێت".
زۆربه‌ی كوتله‌ سیاسیه‌ شیعیه‌كان به‌نهێنی و ئاشكراش محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاویان له‌ دیاریكردنی كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌رپشك كردوه‌

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربه‌ی كوتله‌ سیاسیه‌ شیعیه‌كان به‌نهێنی و ئاشكراش محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاویان له‌ دیاریكردنی كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌رپشك كردوه‌، ته‌نها یه‌ك مه‌رجیان داناوه‌، ئەویش دیاریكردنی خاڵێكە له‌كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی تایبه‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی ده‌ركردنی هێزه‌بیانیه‌كانه‌وه‌.

پێنجی مانگی رابردو، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاریدا هێزی وڵاتانی بیانی و له‌نێویشیاندا ئه‌مریكا له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌، له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ش، به‌رپرسانی ئه‌مریكا هۆشدارییاندا له‌وه‌ی، سزای ئابوری و ئه‌منی به‌سه‌ر عێراقدا ده‌سه‌پێنن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP