ئەمڕۆ و سبەی موچەی ئەم شوێنانە دابەشدەکرێت

- 2/12/2020 9:45:00 AM 99492 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دارایی و ئابوری بەردەوامە لە دابەشکردنی موچە و ئەمڕۆ و سبەی موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردو سێ وەزارەت دابەشدەکرێت.

سەرچاوەیەک لە وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە موچەی هەریەکە لە وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی و ئابوری دابەشدەکرێت، سبەی پێنجشەممە موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ پشتبه‌ دو سه‌رچاوه‌ی دارایی ده‌به‌ستێت، یه‌كه‌میان، فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ، دوه‌میان ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ به‌غداوه‌ كه‌ مانگانه‌ 522 ملیار دیناره‌.

پێشتر ئومێد سەباح،  سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی بەردەوامی ناردنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە رایگەیاند، "لە دوا سەردانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق بۆ هەولێر، سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختی لە پابەند بە رێککەوتنی سەرەتایی نێوان هەرێم و بەغدا کردوەتەوە و ئاماژەی باش هەیە کە هاتنی موچە لە بەغداوە بەردەوام دەبێت".

لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی رونیکردوە، "ئەو پڕۆژەیاسایە ئامانج لێی رێکخستنەوەی موچەیە و بەشێك لە داهاتیش بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە، کە ئێمە هەوڵدەدەین لە کەرتەکانی دیکە کە  پێویستن خەرجی بکەینەوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP