عه‌بدولمه‌هدی و عه‌لاوی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت تاوتوێ دەکەن

- 2/11/2020 12:32:00 PM 1102 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق كۆبونه‌وه‌ و جه‌ختیان له‌سه‌ر خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵه‌كانیان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ كرده‌وه‌.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی عادل عه‌بدولمه‌هدی، ئەمڕۆ سێشەممە عه‌بدولمه‌هدی پێشوازی له‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كردوه‌ و له‌دیدارێكدا باسیان له‌دوایین پێشهاته‌كانی بارودۆخی وڵات و پشتیوانی لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ كردوه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، له‌دیداره‌كه‌دا هه‌ردولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی هه‌ماهه‌نگی نێوان سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و كارئاسانیكردن بۆ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كردوه‌ته‌وه‌، كه‌ دور له‌ململانێ، كاندیده‌كانی كابینه‌كه‌ی دیاری بكات و بۆئه‌وه‌ی بتوانن باشترین خزمه‌ت پێشكه‌ش بكه‌ن.

یه‌كی ئه‌م مانگه‌، د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق راسپارد، كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی زۆری شیعه‌كانه‌وه‌ پشتیوانی لێده‌كرێت.

ڕۆژی 1-12-2019 نامەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا، دوای زیاتر لە دو مانگیش عەلاوی بۆ شوێنگرەوە عەبدولمەهدی راسپێردرا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP