مەترسییەكی جیهانی
دیپ فەیك.. وێنە و دەنگت دەكاتە ڤیدیۆ و لە دژی خۆت بەكاریدەهێنێـت

- 2/10/2020 3:28:00 PM 11724 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-


لەگەڵ بەرەوپێشچونی شۆڕشی تەكنەلۆجیا، تەكنیكەكانی وێنە و دەنگ، گرافیك ڤیدیۆ و دەستكاریكردنی تایبەتمەندیە بنەڕەتییەكانی كەسێك بۆ كەسێكی دی، گەیشتوەتە ئاستێك زۆرینەی شارەزایان پێیانوایە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتیش دروستدەكات.

شۆڕشی تەكنەلۆجیا، بوەتە بەشێك لە ژیانی سەرجەم تاكەكانی دانیشتوانی گۆی زەوی و لەپاڵ كۆمەڵێك سود و كاریگەری ئەرێنی لە بوارە زانستی و پیشەیی و تەنانەت كەسییەكانیشدا، كە هیچ كەسێك ناتوانێت نكوڵی بكات لە كرانەوەی دەروازەكانی جیهان بەهۆی تەكنەلۆجیاوە، لە لایەكی دیكەوە بوەتە هۆی دروستبونی كۆمەڵێك كێشە چ لەسەر ئاستی ناوچەیی، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

یەكێك لەو بەرنامە تەكنەلۆجیانەی لە ئێستادا تا ئاستێك لە جیهان بڵاوبوەتەوە و كاری گۆڕینی دەنگ و رەنگی كەسێكە بۆ كەسێكی دیكە ناوی دیپ فەیك-ە، بە شێوەیەك زۆر بە دەگمەن و هەندێكجاریش ناتوانرێت جودابكرێتەوە ئایا ڤیدیۆكە راستە یاخود نا.

بەرنامەی دیپ فەیك Deep Fake كە بە واتای "ساختەكاری قوڵ" دێت، بە ئاستێكی بەرز لەتوانایدایە روخسار و دەنگی كەسایەتیەكی نێو تۆمارێكی ڤیدیۆیی بگۆڕێت بۆ كەسایەتیەكی دیكە، بە واتایەكی تر لە توانایدا هەیە ڤیدیۆی ساختە دروستبكات و بۆ ئەو مەبەستەش "زیرەكی دەستكرد" بەكاردەهێنرێت، كە زانستێكی تایبەتە بە كۆمپیوتەر و هەندێكجار بە "زیرەكیی ئامێر" ناویدەبرێت.

تەكنینكی دیپ فەیك Deep Fake
دیپ فەیك كۆمەڵێك گرتەی ڤیدیۆیی كە تا ئێستا لەسەر ژمارەیەك كەسایەتی دیار و ناسراوی جیهانی بەكارهێنراون بەرهەمدەهێنێت، تەكنیكەكەی بە شێوەیەكە تێیدا وێنەی روخسار و دەنگی ئەو كەسانە لە ڤیدیۆی شەرمئامێز، یاخود وتەی ناراست و نادروستدا بەكاردەهێنرێت، بەهۆی ئاستبەرزیی ئەو تەكنیكەوە بینەری ڤیدیۆكان بە تەواوی باوەڕدەهێنن تۆماری ئەو كەسایەتیانەیە و دروستنەكراوە، بە گوێرەی زانیاریەكان لە ساڵانی رابردودا ئەو بەرنامەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و كۆمپانیاكانی تایبەت بە سینەما-ەوە بەكارهێنراوە، بەڵام ئێستا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەگاتە دەست هەركەسێك كە بیەوێت، ئەوەش بوەتە هۆی دروستكردنی مەترسییەكی جیهانی.

دیپ فەیك و مەترسییەكانی
سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە ئێستادا لەرێگەی بەرنامەی دیپ فەیك-ەوە ساختەكراون تەنها كەسایەتییە دیارەكانی نێو جیهانی هونەر یاخود سیاسییەكانیان بەئامانجگرتوە و تەنانەت روخسار و دەنگی هەندێك لەوانە لە فیلمە روتەكاندا بەكارهێنراوە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەكی ئاسان دەگاتە هەركەسێك كە بیەوێت بوەتە جێی مەترسی، بەهۆی ئەوەی دەكرێت لەلایەن كەسانی نابەرپرسەوە وەك هەڕەشە دژ بە كەسانی ئاسایی و بێدەسەڵاتیش بەكاربهێنرێت.

 لەلایەكی دیكەوە بڵاوبونەوەی بەكارهێنانی بەرنامەكە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر متمانەی دەزگاكانی راگەیاندن دروستدەكات و زیان بە پەیوەندیە سیاسییەكانیش دەگەیەنێت، لەو چوارچێوەیەدا دیپ فەیك دەكرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مەترسی دروستبكات، دروستكردنی ڤیدیۆیەكی ساختە سەبارەت بە هۆشداریدان لە هێرشێكی توندی تێرۆریستی، یاخود تێكدانی هاوسەرگیری لەرێگەی ڤیدیۆی ساختەی روتی كەسێك، یان روشاندنی كەسایەتیەك كە خۆی بۆ پێگەیەكی سیاسی دیاریبكات بە تەواوی كاریگەری نەرێنی دروستدەكات.

لە ئێستادا ڤیدیۆی دروستكراو و ساختەی هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشوی ئەو وڵاتە و ژمارەیە لە كەسایەتیە دیارە جیهانییەكان هەیە و بە شێوەیەكی كۆمێدی بونەتە جێی تەنز، بەڵام شارەزایانی بواری پرۆگرامسازی دەڵێن ئەوە هەنگاوێكی سەرەتایە بۆ دەرخستنی مەترسیداربونی ئەو بەرنامەیە.


دیپ فەیك چۆن ڤیدیۆ ساختەكان بەرهەمدەهێنێت
سەرەتا یەكێك لە پرۆگرامسازانی كۆمپیوتەر لە پێگەی رێددیت، كە یەكێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەرنامەی دیپ فەیك-ی بڵاوكردەوە، زیاتر لە 100 هەزار جار ئەو بەرنامەیە لەلایەن بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكەوە كرتەی لەسەركرا و دابەزێندرا، بەڵام لە سەرەتادا كوالیتی و ئاستی ساختەكردنی ڤیدیۆكان هێندە بەرز نەبو كە ببێتە جێی رەزامەندی بەكارهێنەرانی.

پاش كاركردن لەسەر پرۆگرامی دیپ فەیك لەرێگەی زیرەكیی دەستكردەوە و فێركارییەكان لەو بوارەدا، ساختەكردنی وێنە و دەنگی ڤیدیۆیی بوەتە كارێكی زۆر ئاسان، بە شێوەیەك تەنها بە هەبونی وێنەیەك لەگەڵ دەنگی هەركەسێك بەكارهێنەری بەرنامەكە دەستیبكەوێت، دەكرێت ڤیدیۆی ساختەی ئەو كەسە دروستبكات، كە ڤیدیۆی كەسێكی دیكە دەهێنێت و وێنە و دەنگی قوربانییەكەی خۆی دەخاتە سەری.

ڤیدیۆ ساختەكان بە زۆری بەرۆكی كەسایەتیە ناسراوەكان دەگرێت، بەڵام پرۆسەی دیپ فەیك لەسەر هەمو كەسێك كاردەكات، بە تایبەتی لەكاتێكدا زۆرینەی دانیشتوانی زەوی خاوەنی هەژماری خۆیانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و رێژەیەكی زۆر وێنە و ڤیدیۆی خۆیان بڵاوكردوەتەوە، بوەتە كارێكی ئاسان بۆ هەركەسێك كە بیەوێت ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە بەكاربهێنێت و ڤیدیۆی ساختەی لێدروستبكات، ئەوەش پێمان دەڵێت دەكرێت لە داهاتویەكی زۆر نزیكدا دیپ فەیك ببێتە هەڕەشە بۆ سەر كۆمەڵگەكان بێ جیاوازی.


دیپ فەیك دەتوانێت بەسەر كەسایەتیە گشتییەكانەوە سیخوڕی بكات
لەماوەی رابردودا، یەكێك لە سیخوڕەكان لەرێگەی بەكارهێنانی بەرنامەی دیپ فەیك و زیرەكیی دەستكردەوە، كە لەو رێگەیەوە وێنە ساختەكان هاوشێوەی وێنە راستەقینەكان دەردەكەوێت توانی لە پێگەی لینكدئین هەژمارێكی ساختەی ژنێك دروستبكات، كە لە یەكێك لە ناوەندەكانی بەدواداچونی ئەمریكادا پێگەی رائیدی هەبو و پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ كەسایەتیە دیارەكاندا هەبو، ئەوەش ئەو هێڵە تیوارەی نێوان ساختەكاری و راستەقینەی جیهانی ئینتەرنێتمان پیشاندەدات.

ئەو هەژمارە ساختەیە بە ناوی كاتی جۆنز-ەوە دانرابو كە خانمێك بو لە 30ەكانی تەمەنیدا، لەورێگەیەوە سیخوڕەكە پەیوەندیكردوە بە ژمارەیەك لە كەسایەتیە ناسراوەكانی وەك جێگری یاریدەدەری سكرتێری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و كەسایەتیەكانی نێو پەیمانگەی برۆكینز (كە یەكێكە لە پێشكەوتوترین دامەزراوەكانی تایبەت بە توێژینەوە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان)، لەگەڵ هەندێك لە ئەندامانی دامەزراوەی كەلتوریی و توێژینەوەی ئەمریكی، لەگەڵ ئەوانەشدا مەترسییەكە ئەنجامدانی ئەو سیخوڕییە نیە، بەڵكو دروستكردنی كەسایەتی خەیاڵی لەو شێوەیەیە.

دواتر ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشیەتد پرێس-ی ئەمریكی لەوبارەیەوە بڵاویكردەوە،  ئەو هەژمارە بە مەبەستی سیخوڕیكردن لەسەر كەسایەتیە دیارەكان و پێگە هەستیارە كان دروستكراوە، هاوكات جۆناس باریڵۆ، یەكێك لە بەڕێوەبەرانی دامەزراوەی هاوپەیمانی دێموكراتی دانمارك نیگەرانی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕی و وتی "ئەگەری ئەوە هەیە یەكێك لە حكومەتە بیانیەكان لە پشت ئەو كارەوە بێت".


دیپ فەیك هەڕەشەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ساڵی 2020
لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا، ئادەم چێف، سەرۆكی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆی بەكارهێنانی بەرنامەی دیپ فەیك و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لە بەلاڕێدابردنی دەزگاكانی راگەیاندن، مەترسییەكی زۆر هەیە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ساڵی 2020، كە لەسەر متمانە و راستی و دروستی بانگەشەكانی هەڵبژاردن مەترسی دروستدەكات و رێگەدەدات بە هێزە بیانییەكان بەپێی بەرژەوندیی سیاسی خۆیان كاریگەری لەسەر رێڕەوی هەڵبژاردنەكان دروستبكەن.

هەر لەو راگەیەندراوەدا، داوایكردوە بە شێوەیەكی راستەوخۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان رێگریبكرێت لەو بەرنامەیە و بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆكانی كۆنترۆڵبكرێت، داواشیكردوە كاربكرێت بۆ جیاكردنەوە و ناسینەوەی ڤیدیۆ راستەقینەوە و ساختەكان و بپاڵێورێن. 

لای خۆیەوە ئاندی ستۆن، وتەبێژی فەرمی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاماژەی بەوەكردوە "كۆمپانیاكە ئەو پەیامەی حكومەتی ئەمریكای بەدەستگەیشتوە و كاری لەسەردەكات"، لەكاتێكدا تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لەوبارەیەوە تا ئێستا هیچ وەڵامێكی نەداوەتەوە، بەڵام نیك بیكڵس، بەرپرسی سیاسەتی گشتی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیە پێشتر رایگەیاندبو "تویتەر رێگەنادات بە بڵاوبونەوەی هیچ هەواڵ و هەژمارێكی ساختە لە ئەگەری ئاشكرابونیدا".

ئەوەی لە ئێستادا بوەتە جێی دڵەڕاوكێی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتوەكان و بەشێك لە سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە، ئەوەیە كە وێنە و ڤیدیۆ بە شێوەیەكی خێرا بڵاودەبێتەوە، بەوهۆیەوە پێش ئەوەی ئاشكرابێت كە ڤیدیۆكە ساختەیە و بسڕدرێتەوە، ملیۆنان كەس دەیبینن، سەرەنجام ئەو زیانەی بەهۆی ساختەكارییەكەوە دروستدەبێت كاریگەریەكەی لەسەر رای گشتی هەر دەمێنێت.


ئایا دیپ فەیك دەبێتە هۆی دروستبونی جەنگ؟
لە بەدواداچونێكی ورد و نوێی ناوەندی بایۆ-ی ئەمریكیدا، ئاماژە بەوەكراوە رێژە زۆرەی هاونیشتیمانیانی وڵاتەكە كە لەو توێژینەوەیەدا بەشداربون باس لەوەدەكەن ئەو جۆرە بەرنامە و پرۆگرامانە تایبەت بە ساختەكردنی وێنە و ڤیدیۆ لەرێگەی دیپ فەیكەوە، یەكێكە لە كێشە گەورە  وسەرەكییەكان و كاریگەری نەرێنی لە دۆسیەی تێرۆر و متمانەی ئەمریكییەكان بۆ سەر دامەزراوە حكومییەكانی وڵاتەكەیان دروستدەكات، تەنانەت كێشە لە متمانەی نێوان هاونیشتیمانیانیشدا دروستدەكات، پێشیانوایە لە داهاتویەكی نزیكدا ئەو كێشەیە زۆر گەورەتردەبێت.

هانی فرید، فێركاری زانستەكانی كۆمپیوتەر لە زانكۆی كاڵیفۆرنیا بیڕكڵی لەوبارەیەوەرونیدەكاتەوە، بەرنامەی دیپ فەیك تەنهامەترسی بۆ سەر هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا دروستناكات، بەڵكو لەتوانایدا هەیە پەیوەندیی نێوان وڵاتە زلهێزەكانی جیهان تێكبدات و دەڵێت "چیدەبێت ئەگەر یەكێك گرتەیەكی ڤیدیۆیی ساختەی دۆناڵد ترەمپ دروستبكات و تێیدا بڵێت (چەكی ئەتۆمی ئەمریكا دژ بە ئێران، كۆریای باكور یاخود روسیا بەڕێوەیە؟)"، هانی درێژەی بە رونكردنەوەكەی داوە "چیدەبێت گەر كاتی ئەوەمان نەبێت ساختەبونی ڤیدیۆكە رونبكەینەوە؟"، لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیشدا جەختیشیكردوەتەوە، كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو بەرنامەیە زۆرە، چونكە زۆرینەی خەڵك دەتوانن بەكاریبهێنن.


دیپ فەیك ئاشوب دەنێتەوە
بەكارهێنانی ئەو تەكنیكە بۆ دروستكردنی قەیرانی سیاسی لە ئێستادا خەیاڵی نیە و دەكرێت كێشەی گەورە دروستبكات، ساڵی 2018، یەكێك لە حزبە سیاسییەكان گرتەیەكی ڤیدیۆیی ساختەی دۆناڵد ترەمپی بڵاوكردەوە، كە بە تەنزەوە باس  لە هەندێك بڕیارە سیاسییەكانی بەلجیكا دەكات، سەرەڕای ئەوەی كوالیتی ڤیدیۆكە هێندە بەرز نەبو و تێیدا ترەمپ باس لەوەدەكات "گۆڕانی كەشوهەوا راست نیە"، بڵاوبونەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی فەیسبوك و تویتەر مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

بن ساسی، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە ساڵی 2018دا و لەكاتی بەڕێوەچونی (دیداری نەتەوەیی تەكساس سەبارەت بە ئاسایشی وڵات)دا رایگەیاند "ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین كه‌ تێیدا دیپ فه‌یك رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌ دروستكردنی پشێوی و ئاشوبدا"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایه‌ توانای داڕمان و له‌ناوبردنی ژیانی مرۆڤی هه‌یه‌ نه‌ك ته‌نها په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كان".


كاریگه‌رییه‌كانی دیپ فه‌یك له‌سه‌ر داهاتو
- زۆربونی پشێوی و ناڕێكی به‌هۆی ئه‌و ساخته‌كارییانه‌‌ی له‌رێگه‌ی زیره‌كیی ده‌ستكرده‌وه‌ دروستده‌كرێن.

- ئه‌گه‌ری دروستكردنی ئیمه‌یڵی ساخته‌ و گفتوگۆ ئه‌لیكترۆنیه‌كان له‌رێگه‌ی به‌ پشتبه‌ستن به‌ رێكخستنی شێوازی قسه‌كردن و چاككردنی به‌ سیستمی خه‌واریزمی.


- نه‌هێشتنی متمانه‌ به‌ هه‌ر وێنه‌ و ڤیدیۆ و نوسراوێك كه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌، به‌هۆی زۆربونی ساخته‌كارییه‌كانی زیره‌كیی ده‌ستكرده‌وه‌.

- له‌ناوبردن  وهه‌ره‌سهێنانی ژیانی گه‌لێك كه‌س به‌هۆی ناوزڕاندنیان به‌ ڤیدیۆی ساخته‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڤیدیۆیانه‌.

- چیدی دادگاكان ناتوانن ڤیدیۆ، تۆماری ده‌نگی و وێنه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌ له‌ دۆسیه‌كاندا به‌ هه‌ند وه‌ربگرن.

- له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ توندكه‌لتور و داب ونه‌رێته‌كاندا ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ ره‌گه‌زی مێینه‌ و به‌شێكیش له‌ پیاوان روبه‌ڕوی كوشتن و توندوتیژی ببنه‌وه‌ به‌هۆی ساخته‌كاری و ناوزڕاندنیان به‌ ناهه‌ق.

- هه‌ندێك له‌ حكومه‌ته‌كان، به‌ تایبه‌تی حكومه‌ته‌ دێكتاتۆره‌كان توانایان ده‌بێـت ساخته‌كاریبكه‌ن له‌ دروستكردنی دۆسیه‌ ب ۆكه‌سانێك كه‌ دژ به‌ سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌یانن، ئۆپۆزسیۆنن، یاخود یاخین.

تا ئێستاش زانایان سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌یه‌كن بۆ كۆنترۆڵكردن یاخود سنورداركردنی كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و به‌رنامه‌ مه‌ترسیداره‌، شاره‌زایانیش ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن، توێژینه‌وه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ندین ساڵی پێده‌چێت، تا ئه‌وكاته‌ش له‌وانه‌یه‌ به‌رنامه‌كه‌ بڕێكی زۆر قوربانی لێبكه‌وێته‌وه‌.




نیشانەکردن :

#جیهان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP