بەشی ناوەوەی کەشتییەکەی بیل گەیتس "خەیاڵییە" و تێچوەکەی 650 ملیۆن دۆلارە

- 2/10/2020 9:51:00 AM 39340 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ملیاردێری دیاری ئەمریکی بیل گەیتس، کە یەکێکە لە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە ئێستادا دەخوازێت یەکەمین کەشتی تایبەتی خۆی لە جیهاندا کە بە هایدرۆجین کار دەکات بەرهەمبهێنێت و بۆ ئەوەش تێچوەیەکی بەرچاوی بۆ تەرخانکردوە.

بیل گەیتس کە هاوکات دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفتە دەبێتە یەکەمین کەس کە بوەتە خاوەنی کەشتییەکی بەو تایبەتمەندیانەوە، کەشتییکە بە جۆرێکە مەلەوانگەیەک، شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکە، بنکەیەکی تەندروستی و شوێنی وەرزشکردنی تێدایە.

 

تێچوی کەشتییەکە دەگاتە 644  ملیۆن دۆلار و درێژیەکەی 112 مەترە

 

لەو بارەیەوە رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردوەتەوە، تێچوی کەشتییەکە دەگاتە 644  ملیۆن دۆلار و درێژیەکەی 112 مەترە، بۆ یەکەمجاریش ئەو کەشتییە لە پێشانگای ساڵانەی کەشتییەکاندا لە مۆناکۆ پیشاندراوە کە لەلایەن کۆمپانیای "سينۆت"ی هۆڵەندییەوە دیزاینکراوە.


هەروەها کەشتییەکە لە پێج نهۆم پێکهاتوە و 14 کەس لە خۆدەگرێت لەگەڵ 31 کەس لە کارمەندانی خزمەتگوزاری، تایبەتمەندییەکی دیکە کەشتییەکە ئەوەیە دۆستی ژینگەیە  و لە رێگەی وزەی هایدرۆجینەوە کار دەکات. 

 

ساڵی 2024  کەشتییەکە یەکەم گەشتی خۆی لە شاری لەندەنەوە بۆ نیویۆرک ئەنجام دەدات


جیاوازی سەرەکی کەشتییەکەش ئەوەیە  لە دو نهۆمی بەشی خوارەوەیدا شوێنێک بۆ هەڵگرتنی خۆراک بە بڕی 28 تەنی هەیە و بەبونی سیستەمێکی سارد و گەرمی روپۆشکراوە، چاوەڕوان دەکرێت ساڵی 2024  کەشتییەکە یەکەم گەشتی خۆی لە شاری لەندەنەوە بۆ نیویۆرک ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی دوبارە پێویستی بە وەزپڕکردنەوە هەبێت.



بیل گەیتس کە لە ئێستادا تەمەنی 64 ساڵە و لە ریزبەندی دوەم دەوڵەمەنترین پیاوی جیهاندایە،  سامانەکەی بە 118 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، گەیتس و خێزانەکەی زۆربەی کات بۆ پشوەکانیان کەشتییە گرانبەهاکانیان بە کرێ گرتوە و خاوەن کەشتی خۆیان نەبون، پێشوتریش لە گەشتیكدا بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی ئیتاڵیا ئەو کەشتییانەی بە کرێیان گرتوە بەهاکەی 330 ملیۆن دۆلار بوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP