وه‌زاره‌تی دارایی خشته‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی راگه‌یاند

- 2/9/2020 4:32:00 PM 136840 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم خشته‌ی دابه‌شكردنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی راگه‌یاندو ئاشكرایده‌كات، تا كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ موچه‌ی سێ وه‌زاره‌ت و یه‌كه‌كانی 70 و 80ی هێزی پێشمه‌رگه‌ دابه‌شده‌كرێت.

 به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت-ی وه‌زاره‌تی دارایی وئابوریه‌وه‌ ده‌ست خه‌ندان كه‌وتون، ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی گه‌نجینه‌و بانكه‌كان ده‌ستیان به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 11ی دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و لیوا هاوبه‌شه‌كان كردو بڕیاریشه‌ سبه‌ی موچه‌ی یه‌كه‌كانیی 70 و 80ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكرێت.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، رۆژی سێشه‌ممه‌ موچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ش موچه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ موچه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دابه‌شده‌كرێت.
 پێشتریش، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم به‌ خه‌ندان-ی رایگه‌یاندبو،  تا 24ی ئه‌م مانگه‌ كۆتایی به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌هێندرێت

پێشتر، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریدابو، هه‌مو پێنج-ی مانگێگ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكات و پاشانیش موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شبكات.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری ساڵی رابردو، 12 موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دابه‌شكرد، سێ موچه‌یان هی مانگه‌كانی 10، 11 و 12ی ساڵی 2018 بو، كه‌ به‌هۆی "قه‌یرانی دارایی"یه‌وه‌ نه‌درابو، له‌مساڵیشدا دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگه‌كانی 10، 11 و 12ی ساڵی 2019ی ده‌ستپێكردوه‌.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ پشتبه‌ دو سه‌رچاوه‌ی دارایی ده‌به‌ستێت، یه‌كه‌میان، فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ، دوه‌میان ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ به‌غداوه‌ كه‌ مانگانه‌ 522 ملیار دیناره‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP