قایمقامیه‌تی سلێمانی: گرفتی غازی ماڵان چاره‌سه‌ركرا

- 2/8/2020 12:34:00 PM 6805 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی رایده‌گه‌نێت، چاودێری سه‌رجه‌م كارگه‌كانی غاز و بریكاره‌كانی دابه‌شكردنی غاز ده‌كه‌ن و گرفتی غازی ماڵان چاره‌سه‌ر كراوه‌‌.

له‌شكر حه‌مید، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگه‌یاند، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان، ئاسایشی ئابوری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی نه‌وت و كانزاكان‌ به‌وردی چاودێری سه‌رجه‌م كارگه‌ وبریكاره‌كانی دابه‌شكردنی غازی ماڵان له‌سنوری پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ن، لە ئێستاشدا قەیرانەکە چارەسەرکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، نرخی غازی ماڵان نرخه‌كه‌ی وه‌ك خۆیه‌تی و پێویسته‌ به‌ نرخی حه‌وت هه‌زار و 500 دینار بگاته‌ ده‌ستی هاوڵاتیان.

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی باسی لەوەشکرد، له‌ دو رۆژی رابردودا غازی پێویست هاتوه‌ته‌ شاری سلێمانی و گرفتی غازی ماڵان چاره‌سه‌ر كراوه‌.

رونیشیکردەوە، رۆژی هه‌ینی كه‌پشوی فه‌رمییه‌ لیژنه‌كان سه‌رپه‌رشتی دابه‌شكردنی غازی ماڵانیان له‌گه‌ڕه‌كه‌كاندا كردوه‌، هه‌ر كارگه‌ و بریكارێك به‌نرخی زیاتر له‌ نرخی دیاریكراو غازی ماڵان بفرۆشێت، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP