تا دێت خۆپیشاندانەكانی عێراق ئاڵۆزتردەبێت
لە كەمتر لە 24 كاتژمێردا.. دو سەركردەی سەرایا سەلام كوژراون

- 2/6/2020 5:18:00 PM 12096 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-


لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێری رابردودا، دو سەركردەی دیاری گروپی چەكداری سەرایا سەلام، كە گروپێكی چەكداری سەر بە رەوتی سەدرە، لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە كوژران.

میدیای عێراقی، لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیەوە بڵاویانكردەوە، "ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەسەر رێگەی محەمەد قاسم لە رۆژئاوای پارێزگای بەسڕە حازم حلفی، سەركردەی دیاری گروپی چەكداری سەرایا سەلام سەر بە موقتەدا سەدر-ی رێبەری رەوتی سەدر لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە بە گوللـە بەئامانج گیرا و سەرەنجام گیانیلەدەستدا".

سەركردەكەی سەرایا سەلام گوللـە ئاڕاستەی سەری كراوە

سەعد مالیكی، بەرپرسی راگەیاندنی رەوتی سەرد-یش لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەكرد "ئەو چەكدارە نەناسراوانە دو گوللـەیان ئاراستەی سەری حلفی كردوە لەكاتێكدا ویستویەتی بەرەو شوێنی كارەكەی بڕوات كە لە كۆمپانیای پێترۆكیمیاویاتی بەسڕە كاریكردوە".

ئەو روداوەش پاش روداوێكی دیكەی هاوشێوە دێت، كە لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێری رابرودا لە پارێزگای میسانی باشوری عێراق رویدا و تێیدا ئەبو موقتەدا ئەزیرجاوی، سەركردەیەكی باڵای گروپی چەكداری سەرایا سەلام لەبەردەم ماڵەكەیدا و لەلایەن گروپێكی چەكداری نەناسراوەوە هێرشی چەكداری كرایەسەر و سەرەنجام گیانیلەدەستدا.

ئەو دو روداوە، لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییانەدایە، كە پاش كشانەوەی رەوتی سەدر لە خۆپیشاندانەكانی عێراق و هەوڵدانی بۆ بڵاوەپێكردنیان لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق و بە تایبەتیش پارێزگای نەجەف بەردەوامییان هەیە و بەهۆیەوە زیاتر لە هەشت خۆپیشاندەر كوژراون و زیاتر لە 100ی دیكە برینداربون.
سەدر داوای لە هێزە چەكدارەكانی لەژێر ناوی "كڵاوشینەكان" كرد، بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن و هاوكاربن لە دەستپێكردنەوەی دەوامی ناوەندەكانی خوێندن


دوای ئەوەی لە رێكەوتی یەكی شوبات-دا، محەمەد ترفیق عەلاوی، لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە بە مەبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێ راسپێردرا، خۆپیشاندەران رایانگەیاند "بە تەواوی دژ بە راسپاردنی عەلاوی- ن و پێویستە دەستبەجێ لەوبارەیەوە عەلاوی داوای  لێبوردن لە خۆپیشاندەران بكات و بكشێتەوە، ئەوەش بوە هۆی توڕەكردنی رەوتی سەدر كە یەكێكە لەو لایەنانەی عەلاوی پێ پەسەندە و بەوهۆیەوە داوای لە لایەنگرانی و هێزە چەكدارەكانی لەژێر ناوی "كڵاوشینەكان" كرد، بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن و هاوكاربن لە دەستپێكردنەوەی دەوامی ناوەندەكانی خوێندن و رێگەنەدەن چیدی رێگە و شەقامەكان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دابخرێن.

لەو نێوەندەشدا، شەوی دوێنێ چوارشەممە چەند سەرچاوەیەكی تەندروستی ئەمنی لە پارێزگای نەجەف رایانگەیاند، ژمارەی كوژراوانی نێو خۆپیشاندانەكانی نەجەف گەیشتوەتە هەشت كوژراو و بەهۆی پێكدادانیانەكانی نیوان لایەنگر و چەكدارانی رەوتی سەدر و خۆپیشاندەرانی ئەو پارێزگایە، تا ئێستا 100 كەس برینداربون.

ئاماژەیان بەوەشكرد، ئەو خۆپیشاندەرانەی كوژراون شوێنی گوللـە بە جەستەیانەوە هەیە و ژمارەیەك گرتەی ڤیدیۆیی ناو خۆپیشاندەرانیش، پیشانیدەدەن كە بە تێڵا سەری خۆپیشاندەران شكێندراوە و بە سەختی برینداربون.

بەیانی ئەمڕۆ پێنشەممەش، سەبارەت بە پێكدادانەكانی نەجەف ساڵح محەمەد عێراقی، کەسایەتی نزیک لە رابەری رەوتی سەدر رایگەیاند، لە ئێستادا و دوای "دەرکردنی خراپەکاران" لە ریزی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز، دۆخی سروشتنی بۆ گۆڕەپانەکان لە نەجەف گەڕاوەتەوە.

سەرەڕای خراپی دۆخەكە، خۆپیشاندەران دوپاتیدەكەنەوە، بەردەوامدەبن لە مانەوەیان لەسەر شەقامەكان و لەژێر ناوی "كڵاوسورەكان" بەردەوامدەبن لە پارێزگاریكردن لەو داواكارییانەی ماوەی چوار مانگە لەسەر شەقامەكان داكۆكی لێدەكەن.

خۆپیشاندانەكانی عێراق هاوشانی خۆپیشاندانەكانی لوبنان و بە هەمان ئامانج دژ بە دەسەڵاتەكانیان لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوەوە ماوەی چوار مانگە بەردەوامییان هەیە، دژ بە گەندەڵی و بە داواكردنی گۆڕینی چینی دەسەڵات و سیاسیەكانی وڵات سەرجەمیان دروشمەكانیان بەرزدەكەنەوە.

رێكەوتی 1ی شوبات، محمد تۆفیق عه‌لاوی لەپەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ راسپێردراوم، بەڵام ئەگەر لایەنەکان فشارم لێبکەن وازدەهێنم.

بەڵام پاش ئەو راگەیەندراوە، بەشێك لە خۆپیشاندەران رەتیانكردەوە شەقامەكان جێبهێڵن رایانگەیاند بەردەوامدەبن لە خۆپیشاندانەكانیان بەهۆی ئەوەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ئەو مەرجانەی تێدا نیە كە لە مەیدانەكانی خۆپیشانداندا دیاریانكردوە، تا ئێستاش داهاتوی حكومەتی نوێ و چارەنوسی خۆپیشاندانەكان نادیارە.


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP