بەپەلە

زانیاری نوێ له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی داعش بۆسه‌ر كه‌مپی مه‌خمور

- 2/2/2020 9:27:00 PM 104986 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

له‌ئه‌نجامی روبه‌روبونه‌وه‌ی هاوڵاتیانی كه‌مپی مه‌خمورو چه‌كدارانی داعش، هاوڵاتیه‌كی كه‌مپه‌كه‌ شه‌هیدبو، كه‌سێكی دیكه‌ش برینداربو، له‌به‌رامبه‌ریشدا دو تیرۆرستی داعش كوژران.

غازی فه‌یسه‌ڵ، كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی له‌سنوری مه‌خمور به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، كاتژمێر 3ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، چه‌كدارانی داعش هێرشیانكرده‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له‌رۆژهه‌ڵاتی كه‌مپی مه‌خمورو هه‌وڵیاندا یه‌كێك له‌شوانه‌كانی سنوری كه‌مپه‌كه‌ بڕفێنن، له‌به‌رامبه‌ریشدا ژماره‌یه‌ك له‌هاوڵاتیان روبه‌رویان بونه‌وه‌و شه‌ڕو پێكدادان له‌نێوان هه‌ردولا دروستبو.

وتیشی:" كه‌مپی مه‌خموری ئاواره‌كانی باكوری كوردستان كه‌ كه‌سوكاری گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانی تێدا نیشته‌جێیه‌، به‌توندی روبه‌روی تیرۆرستانی داعش بونه‌وه‌، له‌ئه‌نجامیشدا دو تیرۆرستیان كوشت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌شه‌وه‌، هاوڵاتیه‌كی كه‌مپه‌كه‌ شه‌هیدبو، یه‌كێكی دیكه‌شیان برینداربو كه‌ له‌ئێستادا له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدایه‌"..

كه‌مپی مه‌خمور ده‌كه‌وێته‌ نزیك پارێزگای هه‌ولێرو له‌ ئێستادا 1500 خێزانی ئاواره‌ی باكوری كوردستانی لێ نیشته‌جێیه‌، له‌ ساڵی 1994-ه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی وێرانكردنی گونده‌كانیان له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه‌، رویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردوه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP