عەدنان عوسمان چەندین بابەتی گرنگ لەم چاوپێكەوتنەدا ئاشكرادەكات

- 1/31/2020 3:19:00 PM 2553 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بڕیار جەلال

عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەم چاوپێكەوتنەوەی خەندان تیشك دەخاتە سەر هەڵسەنگاندیان بۆ كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و باس لەو لیژنەیەش دەكات كە بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی گۆڕان لە ژوری رۆژنامەوانی و حكومەت پێكهاتوە، دەسەڵاتەكانی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەناو بزوتنەوەكە ئاشكرادەكات و دەشڵێت لەگەڵ ئەو بەرپرسە باڵایانەی گۆڕان كە پێشتر وازیان هێناوە چەندین جار یەكمان بینیوە، ئەو دو تەوەرەش ئاشكرادەكات كە لەكۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان كاری لەسەر دەكرێت و لەبارەی نەوەی نوێش رایدەگەیەنێت ئەوان كاری خۆیان دەكەن ئێمەش كاری خۆمان و هیچ كێشه‌یه‌ك نیه‌ له‌نێوانمان، راشیدەگەیەنێت لێبوردنی گشتی بۆ بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە پاشەكشەكردنە لە پرۆسەی چاكسازی و حوكمڕانی لەبارەی لێپرسینەوەش لە ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەڵێت هیچ دۆسیەیەكی لەسەر نییە، لەگەڵ خستنەروی چەندین بابەتی گرنگی دیكە

خەندان: هەڵسەنگاندن بۆ شێوازی كاركردن و دۆخی ئێستای گۆڕان چییە؟
عه‌دنان عوسمان: گۆڕان قۆناغی خۆپاراستنی تێپەڕاند، قۆناغێكی سەخت و ناخۆش بو، قۆناغی كۆچی دوایی كاك نەوشیروان وەكو كاریزمایەكی گەورە وەكو رابەرو دروستكەری بزوتنەوەكە، هەڵبژاردنەكان ئەو تەزویرەی لە گۆڕان كرا ئەو بایكۆتە گەورەیەی كە كرا بۆ بەشداریینەكردن لە هەڵبژاردن، ئەمانە هەموی بونە هۆی كەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان و كەمبونەوەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق، ئەمانە هەمو قۆناغێك بون بۆ هەوڵدان بۆ بچوكردنەوەی گۆڕان و هەوڵدان بۆ لاوازكردن و پەراوێزخستنی بزوتنەوەكە و فشاری سیاسی و هێرشكردن و راگەیاندن و نەفسی سەر بزوتنەوەكە پێموابو گۆڕان توانی ئەو فشارانە تێپەڕێنێت و لە قۆناغی رابردودا مانەوەی خۆی  بسەپێنێت و بەردەوام بێت لەسەر كارەكانی، ئێستا قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكات لە مێژوی گۆڕاندا، كە ئەوانیش قۆناغی هەستانەوە و هەوڵدانە بۆ ئەوەی كە بونی جارانی لە كایەی سیاسی كوردستان بەهێزتر بكات.

خەندان: ئایا لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەتان، تاچەند ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانتان لەگەڵ یەكێتی و پارتی جێگەی دەبێتەوە؟
عه‌دنان عوسمان: بەشێك لە پرۆسەی هەستانەوە پەیوەستە بە ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، هەوڵدان بۆ خۆرێكخستنەوە و ئامادەسازی لە هەمو بوارەكاندا، لە بواری فكری و سیاسی و رێكخراوەی و رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە، دیوێكی دیكەش پەیوەستە بە پەیوەندیەكانی گۆڕان، تا ئەو كاتەی لەتوانادا هەبوبێت و رێزێك لە لایەنەكانی دیكە و سەربەخۆیی لایەنەكانی دیكە گیرابێت، بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام بوە لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی لە گەڵ لایەنەكانی دیكە، ئێستا دەبینین گۆڕان لەگەڵ پارتی و یەكێتی لە كابینەی نۆ پێكەوەن، لەگەڵ یەكێتی لە حكومەتی خۆجێیی سلێمانی شەریكین، لە پۆستەكان و ئۆرگانەكاندا لەگەڵ یەكترداین، بەڵام ئاستی پەیوەندییەكان لەنێوان گۆڕان و یەكێتی بە هۆكاری كۆمەڵێك فاكتەر نەچوەتە ئاستێكی باشەوە كە چاوەڕوان و دڵخوازی هەمومانە، چاوەڕێ دەكەین كە دۆخی یەكێتی و ئۆرگانەكانی رابەرایەتی یەكێتی یەكلا ببێتەوە بۆ ئەوەی هەوڵبدەین بە هەمو لایەكمان پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان بەشێوەیەك باش بكەین و پتەو بكەین و بەهێز بكەین كە لەخزمەتی پرۆسەی چاكسازی و تەنانەت ئەم ناوچەیەش بێت كە ئێمە تیایدا پێكەوەین.

خەندان: ئایا بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەت و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پارێزگاكانی پشكی خۆی وەرگرتوە؟
عه‌دنان عوسمان: نەخێر هێشتا بەشێكی زۆری پشكی گۆڕان وەرنەگیراوە، بەگوێرەی رێكەوتنەكان بێت، چ رێكەوتنی ئێمە لەگەڵ یەكێتی كە دەبو بە گوێرەی رێكەوتنەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆمەڵێك پۆستی گرنگی پێ بدرایەو رادەستبكرایە، هەرچەندە بەڵێنی زۆری پێدراوە بەڵام جێبەجێ نەكراوە، لەگەڵ پارتی و لە كابینەی نۆیەم، جگە لە جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیرەكان هیچ پۆستێكی دیكە رادەستی بزوتنەوەی گۆڕان نەكراوە، بیانوەكانیش ئەوەیە كە چاوەڕێی ئەوە دەكەن كە كۆبونەوەیەكی سێ قۆڵی ئەنجامبدرێت بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، بەشێكی بیانوەكانیش ئەوەیە كە یەكێتی تاكو ئێستا نەیتوانیوە هەیكەلی رابەرایەتی خۆی لەدوای كۆنگرە یەكلابكاتەوە بۆ ئەوەی بەشداربن لە كۆبونەوەكە و ئەو پۆستانەی پێویستە رادەست بكرێت یەكلابكرێتەوە.

خەندان: پێتوانیە ئەمە بیانویەكی نامەنتقی بێت؟
عەدنان عوسمان: ئەو پۆستانەی بەر گۆڕان دەكەون، شوێنەكانیان پڕكراوەتەوە، ئەو پشكانەی بەر گۆڕان دەكەوێت جا ئەوانە بن كە ئێستا لای یەكێتین یاخود ئەوانەی لای پارتین، دەبێت ئەوان پاشەكشە بكەن لێی بۆ ئەوەی كەسێك گۆڕان دابنرێت، ئەوانە پۆستی خاڵی نین تاكو گۆڕان پڕی نەكردبنەوە، ئەوەش پێویستی بە رێكەوتنی هەرسێ لایەنە. بۆ ئەوەش دەبێت پێداچونەوەی پێدابكرێت بەپێی دوا هەڵبژاردن كە هەر حزبەو چەندی بەردەكەوێت، هەتاكو تەنها پۆستی بریكاری وەزیرەكان بۆ گۆڕان دەسنیشانكراوە، بەڵام پۆستەكانی راوێژكارەكان هێشتا یەكلانەكراوەتەوە كە كامانە دەدرێنە گۆڕان، دەبێت 12٪ی سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتەكان و دەستە سەربەخۆكان بدرێتە گۆڕان.

خەندان: زیاتر لە 140 رۆژ بەسەر پێكهێنانی كابینەی 9 تێپەڕیوە، پێتانوایە پرۆسەی چاكسازی دواكەوتوە؟
عه‌دنان عوسمان: بەڵێ زۆر زۆر دواكەوتوە، ئەوەش كارێكی خراپە، دەبو هەر لەسەرەتاوە لانی كەم لەماوەی مانگێكدا سێ پۆستی گرنگ كە وەزیر و وەكیل وەزیر و راوێژكارەكانە، ئەمانە بە یەك پاكێج بكرایە، دواتر بەڕێوەبەرە گشتیەكان، بەڵام ئەو بیانوانەی باسمكرد بوە هۆی ئەوە پرۆسەكە دوابكەوێت و یەكلا نەبێتەوە.

خەندان: هەڵسەنگاندتنان چیە بۆ كارەكانی حكومەت؟
عه‌دنان عوسمان: ئێمە ئێستا لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنین، لیژنەمان پێكهێناوە بۆ هەڵسەنگاندن بەشداری گۆڕان لە حكومەت و چەند لەو پرۆژە چاكسازییەی كە رێكەوتوین لەسەری و بەرنامەی حكومەت كە راگەیەندراوە، چەندی لێ جێبەجێكراوە و گۆڕان تاچەند توانیویەتی كارنامەكانی خۆی بباتە پێشەوە و تاچەند كارنامەی حكومەت بەرەو پێشەوە براوە و پرۆسەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو مەبەستانە ئەنجامدەدرێت و دواتریش ئەو تێبینی و پوختەی راپۆرتەكەمان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان كە حكومەتی هەرێمی كوردستانە دەكەین.

خەندان: دەوترێت پارتی پرۆژەی چاكسازی بۆ دەربازكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە شەرمەزاربون ناردە پەرلەمان و پەسەندكرا؟
عه‌دنان عوسمان: نەخێر بەهیچ شێوەیەك وانییە، ئێمە رێكەوتوین لەسەر پرۆسەیەكی چاكسازی هەمەلایەن و گشتگیر كە ئەمە لەبەرنامەی حكومەت نوسراوە و لە رێكەوتنی نێوان پارتی و گۆڕانیش نوسراوە و دەبێت ئەو چاكسازییە هەمو سێكتەرەكان بگرێتەوە، ئەمە تەنها داخوازی گۆڕان نییە، داخوازی هێزە سیاسییەكانی تر و خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی مەدەنییە، ئەم چاكسازییەی ئێستا تەنها لە بوارێكی دیارییكراودایە لە موچە و دەرماڵەو خانەنشینی، هەمو بەشەكان و توێژەكان ناگرێتەوە، دەبێت لە ئایندە ئەوانیش بگرێتەوە، دەبێت هەمو بوارەكانی دیكەش بگرێتەوە لەبواری (نەوت و گومرگ و باج و خزمەتگوزاری و تەندروستی و كشتوكاڵ و خاڵە سنورییەكان) ئەمانە هەموی پێویستی بە چاكسازی و چاودێریكردن و لێپرسینەوە هەیە، دەبێت كاری لەسەر بكرێت، حكومەت خۆی بڕیاریداوە كە حكومەتی چاكسازی بێت و لەبەرنامەكەیدا جێگیركراوە، لەبواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و تەندروستی هەمو بوارەكانی دیكە دەبێت كاری لەسەر بكرێت و ئێمە پابەندین بەو بەرنامەیە و بەهیواین یەكێتی و پارتیش پێوەی پابەندبن.

خەندان: ئایا حكومەتی هەرێم دەتوانێت چاكسازی بكات؟
عه‌دنان عوسمان: گەندەڵی لە كوردستان رەگ و ریشەی داكوتاوە و لەئاستێكی زۆر بەربڵاودایەو وەكو ڤایرۆسێك تەشەنەی كردوە لەناو دامودەزگاكانی كوردستاندا، ریشەكێشكردن و دژایەتی گەندەڵی ئیرادەیەكی زۆر گەورەی دەوێت و هەوڵ و پشو درێژی زۆری دەوێت، دەبێت ئیرادەی كاركردنی هەبێت و لە خاڵێكەوە دەستپێبكرێت، ئەگەر ئەو ئیرادەیە نەبێت، واقعی كوردستان بەرەو تاریكییەكی گەورە دەڕوات، كوردستان هیچ حەسانەیەكی نییە بەرامبەر هەر ئەگەرێك كە روبدات، وڵاتانی دیكەمان بینی كە بەرامبەر بە وڵاتێكی فاسد و دەسەڵاتێكی گەندەڵ چیانكرد، بۆیە دەبێت لە كوردستانیش جگە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی چاكسازییەكی فعلی بكرێت هیچ رێگەیەكی دیكە نییە، خۆدزینەوە و خۆشاردنەوە خۆخەڵەتاندن لە ئەنجامدانی چاكسازی نامانگەیەنێتە هیچ هەنگاوێكی كردەیی، لەئێستادا هەنگاوەكانی چاكسازی زۆر بە خاوی دەڕۆن، لەو ئاستەدا نین كە پێویستە، هێشتا ئیرادەی بەهێزو بەقوەت نیە، روبەروبونەوەی گەندەڵی هێشتا لە قۆناغێكی پڕ لە ئازایەتیدا نابینم و پێویست بە هەوڵی جدی ترو دەكات، پێویست بە تێگەیشتنی زیاتری لایەنەكان دەكات بەتایبەت یەكێتی و گۆڕان و پارتی، تائێستا هەنگاوەكان زۆر لاوازن و بەخاوی و كاڵ و كرچی دەچن.

خەندان: لەم ماوەیەدا دەسەڵاتی دادوەری بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەركردوە، راتان لەم بارەیەوە چیە پێتانوانیە ئەمە پاشەكشەی حكومەتە لە چاكسازی؟
عه‌دنان عوسمان: به‌ڵی پاشه‌كشه‌یه‌ له‌ده‌وڵه‌ت و حوكمدارێتی له‌وڵاتێكداین دو حزبی سه‌ره‌كی خاوه‌ن هێزی چه‌كدارو ئاسایش بن و دادگاكانیشیان دابه‌شكردوه‌، ته‌نانه‌ت كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بریاربو ئه‌مجاره‌ زۆر بێلایه‌ن بێت له‌نێوان خۆیان دابه‌شكردوه‌، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ به‌قۆناغ چوینه‌ته‌ دواوه‌، هیچ هه‌نگاوێكی كرداریمان نه‌بینیوه‌ له‌ماوه‌ی ساڵی رابردودا بۆ به‌نیشتمانیكردنی داموده‌زگاكان، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كی زۆر خراپه‌ ئه‌و ئیراده‌ به‌هێزو به‌قوه‌ته‌ نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی، چونكه‌ چاكسازی له‌وه‌ نیه‌ موچه‌یه‌ك چاك بكرێت یان كه‌مبكرێت، به‌ڵكو چاككردنی داموده‌زگای نیشتمانی وبه‌یه‌كچاو ته‌ماشاكردنی هاوڵاتیانه‌، خه‌لكی حزبی و بێلایه‌ن هه‌مان مافیان بۆ دامه‌زراندن هه‌بێـ، نابێت حزبێك ته‌نها بیر له‌ئه‌ندامه‌كانی خۆی بۆ دامه‌زراندن له‌سلكی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بكاته‌وه‌، ته‌نها كه‌سێك كه‌ كه‌سوكاری حزب بێت دابمه‌زرێن، هه‌وڵنه‌دان بۆ به‌نیشتمانیكردنی داموده‌زگاكان به‌تایبه‌ت له‌دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان به‌بێ ره‌چاوكردنی لایه‌نی حزبی و بڕوای سیاسی، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كی سلبی و زۆر خراپه‌، واقعی كوردستان نه‌ك نه‌چۆته‌ پێشه‌وه‌ به‌ڵكو چه‌ند قۆناغێك چوه‌ته‌ دواوه‌، دوانمونه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌وه‌ بریاربو كۆمسیۆن به‌رێوه‌ببردرێـ، به‌ڵام جارێكی تر له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی دادوه‌ره‌كان دابه‌شكران، ئۆفیسی پارێزگاكانیش خه‌ریكن دابه‌شی ده‌كه‌ن.

خه‌ندان: بۆچی ئێوه‌ هه‌ڵوێستێكی رون ئاراسته‌ی یه‌كێتی و پارتی ناكه‌ن؟
عه‌دنان عوسمان: ئەوەی باسمكرد به‌شێكه‌ له‌هه‌ڵوێسته‌ رونه‌كانی گرتومانه‌ته‌به‌ر، ئێمه‌ ئێستا له‌قۆناغی هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌مو ئه‌و لایه‌نانه‌ین و ده‌مانه‌وێت فشارێكی زیاترو گه‌وره‌تر له‌گه‌ڵ خه‌لك دروستبكه‌ین، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی پێویستن و به‌ڵێنیان پێدراوه‌ كاری زیاتریان له‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ به‌ڵێنه‌كانی چاكسازی به‌س به‌گۆران نین به‌ڵكو بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك دراون.

خه‌ندان: به‌رنامه‌ی كشانه‌وه‌تان له‌حكومه‌ت هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر داواكاریه‌كانتان جێبه‌جێنه‌كرێن؟
عه‌دنان عوسمان: ئێمه‌ پلانه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تا روبه‌رو قسه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت بكه‌ین و پێیان بڵێین چ هه‌نگاوێك نراوه‌ باش و ده‌ستخۆشیان لێ بكه‌ین و چ هه‌نگاوێك پێویسته‌ تێبینی له‌سه‌ر بخه‌ینه‌ر، ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی به‌هێز ببینین له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان ، بێگومان گۆران به‌هه‌مان حه‌ماسه‌ته‌وه‌ به‌شدار دبێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌به‌شداریكردن له‌كابینه‌كه‌، ئه‌گه‌ر هیچ هه‌نگاوێك نه‌بینین و خاوخلیجی ببینین گۆڕان و ئۆرگانه‌كانی دوا بڕیاری خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ده‌ن.

خەندان: لەلایەك عەلی حەمەساڵح، دەیان بەڵگە لەسەر قاچاخچێتی خاڵە سنورییەكان بڵاودەكاتەوە، لەلایەكی دیكەوە ئاوات شێخ جەناب سوپاسی كارمەندانی خاڵە سنورییەكان دەكات، ئایا ئەمە نیشانە نییە كە بەرپرسانی گۆڕان هەماهەنگیان پێكەوە نییە؟
عه‌دنان عوسمان: نا هیچ جیاكاریه‌ك نیه‌ یادی گومرگه‌كان بوه‌و كاك ئاواتیش  وه‌ك وه‌زیر بروسكه‌ی بۆ ناردون، هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ گومرگه‌ فه‌رمیه‌كان ده‌كات، ئه‌وه‌ی كاك عه‌لی باسی ده‌كات و وه‌زیرو سه‌رۆكی حكومه‌تیش ئاگاداره‌ قاچاخچێتی له‌گومرگه‌كان ده‌كرێت و له‌ده‌ره‌وه‌ی رێكاره‌ یاساییه‌كانه‌وه‌ هاورده‌كردن هه‌یه‌و هه‌ده‌ردانی گه‌وره‌ی ئه‌م وڵاته‌ هه‌یه‌، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح و هاورێكانیان هه‌وڵێكی زۆریانداوه‌و هه‌مو مه‌له‌فه‌كانیان ئاراسته‌ی حكومه‌ت كردوه‌، وه‌زیری داراییش چه‌ندین پرۆژه‌ی بۆ سنورداركردنی سنوره‌كان هه‌بوه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی یه‌ك خه‌زێنه‌و داهات كۆبكرێنه‌وه‌، به‌لام تا ئێستا جێبه‌جێناكرێت ره‌نگه‌ ئیراده‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت بێت، ئه‌وه‌ی ده‌ستخۆشیان لێكراوه‌ له‌لایه‌ن كاك ئاواته‌وه‌ داموده‌زگا فه‌رمیه‌كان نه‌ك ئه‌و ده‌روازانه‌ی قاچاخی لێوه‌ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش هه‌ردوكیان كاری گرنگ بو. 

خه‌ندان: بریاره‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كۆنگره‌ ببه‌ستن، سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌یه‌كت گرتوه‌ته‌ ده‌ست لیژنه‌ی پێكهێنانی لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌نده‌ڵه‌كانی گۆران له‌حكومه‌ت و په‌رله‌مان، ئایا كاره‌كانتان به‌كوێ گه‌یشتوه‌و چه‌ند كه‌ستان روبه‌روی لێپرسینه‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌؟
عه‌دنان عوسمان: من سه‌رۆكی ئه‌و لیژنه‌یه‌ نیم ئێمه‌ له‌گۆران ژورمان هه‌یه‌و به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵده‌ستن، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ و چاوه‌ڕوانی راپۆرت له‌ئۆرگانه‌كان یان رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی یان كه‌سه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین پێمانبگات، له‌سه‌ر هه‌ربه‌رپرسێكی گۆڕان ئیستا یان پێشتر كارێكی خراپی كردبێ و له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا به‌سودوه‌رگرتن له‌ماڵی گشتی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ین به‌ڵام به‌نهێنی كاره‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئاكامه‌كه‌شی هه‌رچیه‌ك بێت بۆ رایگشتی ئاشكرای ده‌كه‌ین.

خه‌ندان: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌زیری پێشوی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق به‌كوێ گه‌یشتوه‌؟
عه‌دنان عوسمان: هیچ كه‌یسێك نیه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و به‌رێزه‌ و ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌راندنه‌و هیچ دۆسیه‌یه‌كی له‌سه‌ر نیه‌.

خه‌ندان: باس له‌وه‌كرا كه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی سه‌روه‌ت و سامانی گشتی به‌كارهێناوه‌، له‌و روه‌شه‌وه‌ دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه‌؟
عه‌دنان عوسمان: پێشتر په‌رله‌مانی عێراق لێپرسینه‌وه‌ی له‌خه‌ڵكی به‌هێزو به‌توانای وه‌ك هۆشیار زێباری كرد، وه‌زیری دیكه‌شی له‌پۆسته‌كانیان دورخسته‌وه‌ كه‌ پۆستی گرنگ و سیادیان هه‌بو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حزبی گه‌وره‌ وه‌ك پارتی له‌پشتی بون، به‌ڵام له‌سه‌ر وه‌زیره‌كه‌ی ئێمه‌ هیچ دیكۆمێنتێك نه‌بو، هیچ رێكارێكیشی به‌رامبه‌ر نه‌گیرایه‌به‌ر، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عێراق و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و دیوانی چاودێری هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نه‌خستبێته‌رو، له‌هه‌رێمی كوردستانیش هیچ به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتێك نه‌خرابێته‌ به‌رده‌م بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بێگومان له‌و روه‌وه‌ هیچ پر‌وسه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ ناكرێت.

خه‌ندان: كاتی خۆی لە وتارێكدا نوسەرێك باسی ئه‌وه‌ی كردبو یه‌كێتی سێ به‌شه‌و به‌شێكی زۆری گۆرانه‌و به‌شێكی پارتیه‌و به‌شێكی كه‌مینه‌ی یه‌كێتی، ئێستاش باس له‌وه‌ده‌كرێت به‌شێكی ئێستای گۆڕان له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی پارتیه‌و به‌شێكی تریشی یه‌كێتیه‌، به‌شێكی كه‌میشی به‌ئه‌سڵ گۆرانن ئه‌مه‌ تاچه‌ند راسته‌؟
عه‌دنان عوسمان: ئه‌وه‌ له‌نوكته‌ ده‌چێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ستی بڕوات له‌ناو گۆران، ئۆرگانه‌كانی گۆرانن و هه‌ر ئه‌وانیش خاوه‌ن بڕیارن، خه‌ڵكی كوردستانیش باش به‌رپرسه‌كانی گۆران ده‌ناسن، خانه‌ی راپه‌راندنیش بریاره‌كان جێبه‌جێده‌كات، تا ئێستا ئیراده‌ ئیراده‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، پیشتریش كه‌ له‌ساڵی 2014 به‌شداربوین له‌حكومه‌تی هه‌رێم هه‌مان ئه‌و قسانه‌ كران كه‌ گۆران راده‌ستی ئیراده‌ی پارتی بوه‌، پێشتریش كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی رێكه‌وتنمان كرد هه‌مان قسه‌ كرایه‌وه‌، به‌ڵام گۆران هه‌مان گۆرانی جارانه‌و له‌سه‌ر بیروباوەڕ و بۆچونه‌كانی ئاماده‌ی سازشكردن نیه‌و خاوه‌ن به‌هاو دونیا بینینی خۆیه‌تی، نه‌ ئه‌جێندای هیچ حزبێك جێبه‌جێده‌كات و نه‌كاریشی له‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵكو به‌رنامه‌ی تایبه‌تی خۆی جێبه‌جێده‌كات، ئه‌گه‌ر خاڵی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه‌ش هه‌بێت به‌یه‌كه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.

خه‌ندان: سه‌رچاوه‌ی دارایی بزوتنه‌وه‌ی گۆران چیه‌؟
عه‌دنان عوسمان: ئێستا گۆڕان سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتی ئه‌وتۆی نیه‌ ئه‌وه‌ی هه‌بێت هاوكاری ئێره‌و ئه‌وێ و قه‌رزو قۆڵه‌یه‌و هه‌ندێك موڵكی كۆمپانیای وشه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌دۆخێكی خراپدایه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆران كه‌مترین خه‌رجی و داهاتی هه‌یه‌ دۆخی ئابوریشی باش نیه‌ به‌ڵامكاره‌كانی خۆی به‌رێوه‌ده‌بات.

خه‌ندان: گۆران له‌ماوه‌ی رابردودا ژماره‌یه‌ك ده‌زگای میدیایی دامه‌زراند، ئێستاش ده‌وترێت به‌رنامه‌ی هه‌یه‌ كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن به‌شێوازی ئێچ دی بكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هێنده‌ خراپه‌ چۆن ده‌توانێت ئه‌و كارانه‌ بكات؟
عه‌دنان عوسمان: ئه‌وانه‌ سه‌ر به‌كۆمپانیای وشه‌ن و كۆمپانیای وشه‌ش پشكی هه‌یه‌ له‌هه‌ندێك پرۆژه‌داو په‌یوه‌ندی به‌بزوتنه‌وه‌ی گۆرانه‌وه‌ نیه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆران ژوری رۆژنامه‌وانی هه‌یه‌ سایت و په‌یجه‌كانی خۆی هه‌یه‌، ئێمه‌ رادیۆیه‌كمان هه‌یه‌و ته‌نها ده‌توانین هاوكاری ئه‌وانه‌ی خۆمان بكه‌ین.

خه‌ندان: هه‌ندێك رۆژنامه‌نوس پێیان راگه‌یاندوین، بزوتنه‌وه‌ی گۆران قه‌رزاریانه‌ و له‌ماوه‌ی رابردودا له‌ناو كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن كاریان كردوه‌و تا ئێستا موچه‌یان پێنه‌دراوه‌، هیچ هه‌ولێك نیه‌ بۆئه‌وه‌ی موچه‌كانیان پێبدرێته‌وه‌؟ 
عه‌دنان عوسمان: به‌ڵی ئه‌و قسانه‌ هه‌موی راستن و مافی خۆیانه‌ و خه‌ڵكێكی ئازای ئێمه‌ بون و دڵسۆزی زبوتنه‌وه‌ی گۆران بون، ساڵانێك به‌نانه‌سك كاریان بۆ ده‌زگا میدیاییه‌كانی ئێمه‌ كردوه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆران زۆر پێزانینی هه‌یه‌ بۆ ماندوبون و كاره‌كانیان، به‌ڵام ئه‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هات، حكومه‌ت قه‌رزاری خه‌ڵكێكی زۆره‌، بزوتنه‌ویه‌ گۆرانیش به‌ده‌ر نه‌بوه‌، راسته‌ چه‌ند مانگێك قه‌رزاری فه‌رمانبه‌ره‌كانی خۆیه‌تی، به‌ڵێنیان پێدراوه‌ هیچی نه‌فه‌وتێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ دۆخی دارایی بزوتنه‌وه‌ی گۆران باش بێت موچه‌كاینان بۆ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌، چ كۆمپانایی وشه‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆرانیش له‌هه‌وڵدان سه‌رجه‌م پاره‌ی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ بدرێته‌وه‌و كاری جدیش كراوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌.

خه‌ندان: كوڕانی كاك نه‌وشیروان ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كانیان چۆنه‌و تاچه‌ند توانای بریاردانیان له‌دیاریكردنی كه‌سه‌كان و گۆرانكاریه‌كان هه‌یه‌؟
عه‌دنان عوسمان: ئه‌وان وه‌ك هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆران مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ سه‌رنج و بۆچونیان وه‌ك هه‌ر هه‌ڵسوڕاوێكی دیكه‌ هه‌بێت، روبه‌روبێ یان به‌نوسن، به‌ڵام هیچ بریاربه‌ده‌ستی گۆران نین و له‌هیچ ئۆرگانێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆران كارناكه‌ن و ئه‌وه‌ی بریارده‌دات هه‌ردو جڤاتی نیشتمانی و گشتی وخانه‌ی راپه‌راندن و ژوره‌كانه‌، ئه‌وانیش هه‌وڵیان نه‌داوه‌و كاریشیان بۆ ئه‌وه‌ نه‌كردوه‌و ئیراده‌و بۆچونی خۆیان به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌دا بسه‌پێنن و كاریشیان به‌وه‌نیه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌و ئاسته‌دا نه‌بوه‌ كه‌ خاوه‌ن ئۆرگانی تایبه‌ت به‌خۆی نه‌بێت بۆ بڕیاردان، ئه‌وانیش كۆمپانیای وشه‌یان هه‌یه‌و سه‌رپه‌رشتی كاره‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌چوارچێوه‌ی كاره‌كانی خۆیدا كارده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان كوڕی تێگه‌شتو رۆشنبیر رەوانشاد نه‌وشیروان مسته‌فان ، دو كوڕی دڵسۆزی میلله‌ت و بزوتنه‌وه‌ی گۆرانیشن، هه‌ر تێڕوانین و بۆچونێكیان هه‌بێت وه‌ك هه‌ر هه‌ڵسوڕاوێكی دیكه‌ به‌رێزه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كرێت.

خه‌ندان: دەوترێت چیای كوڕی كاك نه‌وشیروان ده‌سه‌ڵاتی فراوانی هه‌یه‌و وه‌ك سێبه‌ری عومه‌ری سه‌ید عه‌لی وه‌سفده‌كرێت، ئه‌مه‌ تاچه‌ندراسته‌؟
عه‌دنان عوسمان: ئه‌و قسانه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی راستی تێدا نیه‌.

خه‌ندان: كۆنفرانسی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌پێشه‌وه‌یه‌و كاره‌كان به‌كوێ گه‌یشتون؟
عه‌دنان عوسمان: به‌شێكی زۆر له‌كاروباره‌كان ته‌واو بون، كۆنفرانسی بزوتنه‌وه‌ی گۆران چه‌ند ته‌وه‌رێكی دیاریكراوه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌پێداچونه‌وه‌و چاوخشاندنه‌وه‌ به‌كاره‌كان و په‌یڕه‌وی ناوخۆ كه‌ ده‌ستوری پێده‌ڵێین، ده‌ستنیشانكردنی ستراتیژی ئۆرگانیه‌كان لیژنه‌ی تایبه‌تیش بۆ ئەو ته‌وه‌رانه‌ ده‌ستنیشانكراوە، ته‌نها كاته‌كه‌ی ماوه‌و هه‌وڵده‌ده‌ین به‌زوترین كات كاتی كۆنفرانس ده‌ستنیشان بكه‌ین، له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆران كۆنفرانسی ئۆرگانه‌كان نیه‌، بۆیه‌ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ كۆنفرانس نیه‌.

خه‌ندان:له‌كۆنفرانس رێكخه‌رو خانه‌ی راپه‌راندن دوباره‌ هه‌ڵده‌بژێردرێنه‌وه‌؟
عه‌دنان عوسمان: رێكخه‌رو خانه‌ی راپه‌راندن له‌جڤاتی نیشتمانیی هه‌ڵده‌بژێردرێن و هیچ به‌رپرسێكی باڵای گۆران له‌كۆنگره‌دا هه‌ڵنابژێردرێت.

خه‌ندان: له‌دوای كۆنفرانس جڤاتی نیشتمانی هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه‌؟
عه‌دنان عوسمان: به‌شێك له‌ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتمانی و باژێروانه‌كان له‌رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی ناوخۆی مه‌كۆكانه‌وه‌ دیاریده‌كرێن به‌شێكی دیكه‌یان به‌رپرسی ژوره‌كانن له‌لایه‌ن خانه‌ی راپه‌راندنه‌وه‌ دیاریده‌كرێن و جڤاتی نیشتمانی په‌سه‌ندیان ده‌كات، به‌شێكیان سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانن ئه‌ندامانی فراكسیۆن خۆیان هه‌ڵیانده‌بژێرن، به‌شێكیان ژنان و ره‌وه‌ندی ده‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ناوخۆیاندا دیاریده‌كرێن.

خه‌ندان: كەواتە خاڵی گرنگی كۆنفرانسەكەتان چی ده‌بێت؟
عه‌دنان عوسمان: دو خاڵی گرنگ ده‌بێت، یه‌كه‌میان پێداچونه‌وه‌ به‌ستراتیژی كاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ماوه‌ی رابردوداو هه‌وڵدان بۆ دانانی ستراتیژێكی دیكه‌ یان به‌رده‌وام بون له‌سه‌ر ئه‌و ستراتیژه‌، دوه‌میش پێداچونه‌وه‌یه‌كی ورد به‌ده‌ستوری بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌كرێت به‌تایبه‌ت له‌دوای كۆچی دوایی كاك نه‌وشیروان پیاده‌كراوه‌، له‌هه‌ر شوێنێك كه‌موكوڕی یان نه‌قوستانیه‌ك هه‌بێت چاكده‌كرێت.

خه‌ندان: تا ئێستا چه‌ند پرۆژه‌ی ده‌ستور پێشكه‌ش به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كراوه‌ بۆئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر بكات له‌كاتی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوره‌كه‌یدا؟
عه‌دنان عوسمان: ئێمه‌ لیژنه‌مان پێكهێناوه‌ بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌به‌رنامه‌كان، لیژنه‌ی راگه‌یاندنم و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ستورو كه‌ له‌ 25 ئه‌ندام پێكدێت هه‌ر سه‌رنج و تێبینیه‌ك هه‌بێت وه‌ریده‌گرن و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

خه‌ندان:له‌ماوه‌ی ساڵی رابردو، به‌رپرسه‌ باڵاكانی گۆران له‌خانه‌ی رابه‌راندن یان رێكخه‌ری گشتی، له‌گه‌ڵ عوسمانی حاجی مه‌حمودو قادری حاجی عه‌لی یه‌كتریان بینیوه‌ بۆئه‌وه‌ی رێكبكه‌ونه‌وه‌؟
عه‌دنان عوسمان: ئه‌و زاتانه‌ی باستكرد كه‌سی دڵسۆزو خه‌باتگێرو شۆرشگێری ئه‌م نیشتمانه‌ن، كه‌سانێك هه‌میشه‌ له‌ریزی گه‌له‌كه‌یان بون، ئه‌و ساڵانه‌ی له‌ناو گۆران بون دڵسۆزانه‌و خه‌مخۆرانه‌ كاریان كردوه‌، شوێنده‌ستیان دیاربوه‌، ئێستاش بۆخۆم بۆچونم وایه‌ شوێنی شیاویان له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆرانه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێزی ئه‌م نیشتمانه‌ن له‌هه‌ر شوێنێك بن جێگه‌ی رێزو پێزانینن، ئه‌وه‌ی من ئاگادارم گۆرانخوازان و به‌شێكیزۆر له‌ئۆرگان و سه‌ركردایه‌تیه‌كان له‌خه‌می ئه‌وه‌دان بگه‌رێننه‌وه‌ ناو گۆران و ده‌ستبه‌كارببنه‌و،په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌گه‌ڵیاندا زۆر به‌هێزه‌، له‌روی سیاسیه‌وه‌ هه‌م بزوتنه‌وه‌كه‌و ئه‌وانیش له‌یه‌ك سه‌نگه‌ری میبلله‌ت و خێرای نیشتمانه‌كه‌یاندا، به‌ڵام ئه‌وان چ بریارێك ده‌ده‌ن جێگه‌ی رێزه‌و ئێمه‌ هیوادارین جارێكی تر كاركردنبێت له‌ناو بزوتنه‌وكه‌دا، هه‌ر شتێكیش بكه‌ن لای ئێمه‌ جێگه‌ی رێزه‌.

خه‌ندان:ئه‌وان پێشتر به‌فه‌رمی رایانگه‌یاند په‌یوه‌ندیان به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران نه‌ماوه‌، پرسیاره‌كە ئه‌وه‌یه‌ تاچه‌ند یه‌كترتان بینیوه‌؟
عه‌دنان عوسمان: به‌رده‌وام یه‌كتر ده‌بینین و په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌و به‌گه‌رموگوڕی په‌یوه‌ندیه‌كان ماونه‌ته‌وەو دابران نه‌بوه‌.

خه‌ندان: له‌كوێ یه‌كترتان بینیوه‌؟
عه‌دنان عوسمان:  له‌شارێكدا ده‌ژین و هاوڕێ و دۆستی یه‌كترین و سه‌ردانی ماڵی یه‌كتر ده‌كه‌ین.

خه‌ندان: ئایا ئه‌وان جگه‌ له‌سه‌ردانیكردنیان بۆ سه‌ر گۆری كاك نه‌وشیروان، هاتونه‌ته‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌گه‌ڵتان دابنیشن له‌ده‌زگا فه‌رمیه‌كان؟
عه‌دنان عوسمان: تا ئێستا من نه‌میستوه‌ سه‌ردانی بزوتنه‌وه‌ی گۆران بكه‌ن، به‌ڵام گرده‌كه‌ی گۆران ماڵی خۆیانه‌و هه‌ركاتێك بێت ده‌توانن سه‌ردانی بكه‌ن.

خه‌ندان: نه‌وه‌ی نوێ له‌رابردودا چه‌ند جارێك  رەخنەی توندیان لە گۆران گرتوە، ئێوه‌ قسه‌تان له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ چیه‌ پێتانوایه‌ نه‌وه‌ی نوێ ده‌توانێت ببێته‌ شوێنگره‌وه‌ی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان؟
عه‌دنان عوسمان: هیچ كێشه‌یه‌ك نیه‌ له‌نێوان گۆران و نه‌وه‌ی نوێ، هیچم نه‌بیستوه‌ قسه‌یه‌كیان هه‌بوبێت له‌سه‌ر پرسه‌كان، هه‌ریه‌كه‌ كاری خۆی ده‌كات وهه‌ریه‌كه‌ به‌رنامه‌و ستراتیژی خۆی هه‌یه‌.

خه‌ندان: زۆرجار سه‌رۆكی نه‌وه‌ی نوێ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردوه‌ گۆرانیش به‌شێكە له‌ئه‌جێندای یه‌كێتی و پارتی، قسه‌ی ئێوه‌ چیه‌؟
عه‌دنان عوسمان: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی وپارتی له‌ناو ده‌سه‌ڵاتداین و كار له‌ كابینه‌یه‌كی حكومه‌تدا ده‌كه‌ین كه‌ به‌رنامه‌ی چاكسازی هه‌یه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP