خه‌ندان زانیاری نوێ له‌باره‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بڵاوده‌كاته‌وه‌

- 1/30/2020 3:52:00 PM 196337 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌وه‌زاره‌تی دارایی واده‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 11ی ساڵی 2019ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی ئاشكراکرد و جه‌ختیکردەوە، تا 24ی مانگی شوبات موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌شده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم به‌ خه‌ندان-ی رایگه‌یاند، بڕیاره‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 9-ی مانگی شوبات، ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی تشرینی دوه‌می ساڵی رابردو بكرێت، وه‌ك یه‌كه‌م وه‌زاره‌تیش، دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و لیوا هاوبه‌شه‌كان موچه‌ وه‌رده‌گرن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ راشیگیاند، وه‌زاره‌تی دارایی بڕیاریداوه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ی موچه‌ی مانگی 10ی ساڵی رابردو، هه‌رچه‌ند چه‌ند رۆژێكیش دواده‌كه‌وێت و له‌ 5ی مانگی شوبات دابه‌ش ناكرێت، به‌ڵام له‌ 25ی مانگدا، كۆتایی به‌دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌هێنێت و موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان له‌ 9-25ی مانگ دابه‌شده‌كات.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری ساڵی رابردو، 12 موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دابه‌شكرد، سێ موچه‌ی مانگه‌كانی 10، 11 و 12ی ساڵی 2018 بو، كه‌ به‌هۆی "قه‌یرانی دارایی"یه‌وه‌ نه‌درابو، له‌ئێستاشدا دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگه‌كانی 10، 11 و 12ی ساڵی 2019ی ده‌ستپێكردوه‌.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ پشتبه‌ دو سه‌رچاوه‌ی دارایی ده‌به‌ستێت، یه‌كه‌میان، فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ، دوه‌میان ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ به‌غداوه‌ كه‌ مانگانه‌ 522 ملیار دیناره‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP