هەواڵی ئەمڕۆ

پەرلەمانتارێكی نەسر: كورد سەرجەم كاندیدەكان رەتدەكاتەوە و عەبدولمەهدی چاخی زێڕینە بۆ ئەوان

- 1/29/2020 5:41:00 PM 3781 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نەسر لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، كاندیدكردنی كەسایەتیەك لەلایەن كوتلە سیاسیەكانی پەرلەمانەوە و بەو مەرجانەی دانراوە خۆهەڵخەڵەتاندنە، ئاماژە بەوەشدەكات "كورد سەرجەم كاندیدەكان رەتدەكەنەوە، چونكە عەبدولمەهدی چاخی زێڕینە بۆ ئەوان".

نەدا شاكر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند "دیاریكردنی كەسایەتیەك بۆ پێگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە سەربەخۆبێت و رەگەزنامەی وڵاتێكی دیكەی نەبێت كارێكە ئەنجامنادرێت، چونكە سەرجەم ئەو كاندبدانەی حزبەكان دایاندەنێن رەگەزنامەی بیانیان هەیە".
پاڵێوراوانی سەرجەم حزبەكان ئەو دو مەرجەیان تێدا نیە

ئاماژەی بەوەشكرد "سەرجەم ئەو كوتلە سیاسیانەی پێداگری خۆیان بۆ كاندیدكردنی كەسایەتیەكی سەربەخۆ راگەیاندوە كە هەڵگری رەگەزنامەی بیانی نەبێـت، ئەوە درۆیە و لەگەڵ گەلەكەیاندا كردویانە، چونكە پاڵێوراوانی سەرجەم حزبەكان ئەو دو مەرجەیان تێدا نیە".

لەمیانی وتەكانیدا ئەو پەرلەمانتارەی عێراق راشیگەیاند "كورد لە پەرلەمانی عێراق سەرجەم ئەو كەسایەتیانە رەتدەكەنەوە كە بۆ پێگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەپاڵێورێن، چونكە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بە چاخێكی زێڕین دەبینن بۆ خۆیان و لە چوارچێوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدیدا كۆمەڵێك دەستكەوت و رێككەوتنیان هەبوە كە پێشتر نەیانبوە".

ئەوە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق دوامۆڵەتی دایە لایەنە سیاسییەكانی وڵات و پێی راگەیاندن "شەممەی داهاتو كۆتا وادەیە بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بۆ حكومەتێكی كاربەڕێكەر".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP