هەواڵی ئەمڕۆ

سەرۆک بەرهەم نامەیەک ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات

- 1/29/2020 5:23:00 PM 2953 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
سەرۆک کۆماری عێراق داوا لەلایەنە سەرەکییەکانی عێراق دەکات تاوەکو رۆژی شەممە کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریبکەن بە ئامانجی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق کە لە ئێستادا خواستی سەرەکی خۆپیشاندەرانی بەغدا و ناوچەکانی باشوری وڵاتە.

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، "ئەمڕۆ سەرۆک بەرهەم سەرۆک کۆماری عێراق لە نامەیەکدا داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردوە، تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتو کە دەکاتە یەکی شوبات لایەنەکان لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کە جێگەی مشتومڕ نەبێت رێککبکەون".

 

پەیامەکەی سەرۆک کۆمار فشارێکی زیاتر دەخاتەسەر هێزە سیاسییەکان بۆ ئەوەی چیتر کات نەکوژن

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەندە یەکلاکردنەوەی پرسی پێکهێنانی حکومەت و زۆرینەی پرسەکانی دیکە بەبێ راوێژ لەگەڵ کوتلە سەرەکییەکانی عێراق نابێت، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت پەیامەکەی سەرۆک کۆمار فشارێکی زیاتر بخاتە سەرهێزە سیاسییەکان بۆ ئەوەی چیتر کات نەکوژن، چونکە دۆخی عێراق لەوە زیاتر هەڵناگرێت".

یەکی مانگی رابردو، پەرلەمانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عه‌بدولمه‌هدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەسەندکرد، دوای ئەوەی دو رۆژ پێشتر لەوەڵامی داواکەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێشکەشی کردبو.

 

دوای داواکەی سەرۆک کۆمار فراکسیۆنە سەرەکییەکان بەشێوەیەکی جدیتر بکەونە گفتوگۆوە

 

لەبارەی رۆڵی پارتە سیاسییەکان و کاریگەری روداوەکانی هەفتەی رابردوش لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت، ئەو سەرچاوەیەی سەرۆکایەتی کۆمار ئەوەی خستەڕو، "پارتە سیاسییەکان زۆربەیجار تۆپەکە دەخەنەوە گۆڕەپانی سەرۆک کۆمار ئەوەش کارێکی باش نیە و پێویست دەکات دوای داواکەی سەرۆک کۆمار فراکسیۆنە سەرەکییەکان بەشێوەیەکی جدیتر بکەونە گفتوگۆوە، بە تایبەت لە ئێستادا خۆپیشاندەرانیش داوا دەکەن پرسی پێکهێنانی حکومەت نابێت لەوە زیاتر دوابخرێت".

لە ئێستادا زیاد لە کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە لایەن حزبەکان و خۆپیشاندەرانەوە باس دەکرێت، وەکو ئەوەی خۆپیشاندەران باسی دەکەن پێویستە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی حکومەتی کاتی کەسێکی بێ لایەن بێت و پێشوتر ئەندامی هیچ حزبێکی سیاسی نەبوبێت، داواش دەکەن ئەو حکومەتە کاتییە پرۆسەی لێپرسینەوە لە تەقەکەران بکات و روبەروی گەندەڵیش ببێتەوە.


نیشانەکردن :

#سەرۆککۆمارى عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP