ڤیدیۆ..بەمشێوەیە چین لە 10 رۆژدا چوار نەخۆشخانە بنیاددەنێت

- 1/29/2020 5:12:00 PM 82840 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە بوارە ئابوری و پیشەسازییەكاندا چین پێش وڵاتانی جیهان كەوتوە، ئێستاش لەگەڵ كاتدا ململانێدەكات بۆ بنیادنانی باڵەخانەی نوێی تەندروستی بە مەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشانی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی نوێ، كە تا ئێستا بوەتە هۆی كوشتنی 130 كەس.

لە رێگەی گرتە ڤیدیۆییەكان و بڵاوكردنەوەیان، راگەیاندنەكانی چینی پیشانیدەدەن چۆن كارەكانی بنیادنانی نەخۆشخانەیەكی 1000 قەرەوێڵەیی لە شاری وهان بەڕێوەچن كە وا بڕیارە لەماوەی 10 رۆژدا پڕۆژەكە بگاتە ئەنجام.

رۆژنامەی بیبوڵز دەیلی چین، لەرێگەی درۆنێكەوە ڤیدۆی ئەندازیار، كرێكار و وەستایانی ئەو نەخۆشخانە نوێیەی  بڵاوكردوەتەوە، كە بێ وەستان شەو و رۆژ بەردەوامن لە كارەكان بۆ تەواوكردنی لە كاتی خۆیدا، هەفتەیەك مۆڵەتیان ماوە.
بڕیارە سێشەممەی داهاتو پرۆژەكە رادەستی كەرتی تەندروستی ناوچەكە بكرێت

دوشەممەی رابردود كارەكانی بنیادنانی نەخۆشخانەكە دەستیپێكرد و بڕیارە سێشەممەی داهاتو پرۆژەكە رادەستی كەرتی تەندروستی ناوچەكە بكرێت.

پێشتریش، دوای دو رۆژ لە تەواوبونی نەخۆشخانەیەك لە شاری وهان و بە مەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشانی كۆرۆنا دەرگاكانی كردەوە بۆ پێشوازیكردن لە كەرتی تەندروستی.

لە پەكین-ی پایتەختیش،  حكومەتی ناوەندی زیاتر لە شەش هەزار كارمەندی تەندروستی رەوانەی نەخۆشخانەكان كرد، بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی ئەو ڤایرۆسەی تا ئێستا 132 كەسی كوشتوە و نزیكەی شەش هەزار حاڵەتی توشبوش تۆماركراوە.

بڕیاریشیانداوە، لەماوەی تەنها 10 رۆژدا و لە هەرێمی هوبی چوار نەخۆشخانەی تایبەت بنیادبنێن

دەسەڵاتدارانی چین بڕیاریشیانداوە، لەماوەی تەنها 10 رۆژدا و لە هەرێمی هوبی، كە شاری وهان دەكەوێتە ئەو هەرێمەوە، چوار نەخۆشخانەی تایبەت بۆ روبەڕوبونەوەی نەخۆشیە گوازراوەكە بنیادبنێن.

نەخۆشخانەكەی وهان روبەڕەكەی دەكاتە 60 هەزار مەتر چوارگۆشە و تێیدا نزیكەی دو هەزار كارمەند كاردەكەن، ئەوەش بەگوێرەی بەرپرسانی بنیادنانی نەخۆشخانەكە لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی شینخوا-ی چین.

لەنێو نەخۆشخانەكەدا پلان بۆ هەبونی 1300 قەرەوێڵە هەیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی وهان لەپلانیاندایە 300 قەرەوێڵەی دیكە زیادبكەن، پاش ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا ڤایرۆسەكە بە شێوەیەكی خێرا بڵاوبوەوە.

 


نیشانەکردن :

#ڤایرۆسی کۆرۆنا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP