هەواڵی ئەمڕۆ

یەكێتی ئەوروپا: رێكەوتنی سەدە دەرفەتێكە بۆ دەستپێكردنەوەی چارەسەری ئاشتیانە بۆ ململانێی فەلەستینی ئیسرائیلی

- 1/28/2020 11:39:00 PM 2533 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەكێتی ئەوروپا پەیامێكی لەسەر رێكەوتنی سەدەی تایبەت بە كێشەی نێوان ئیسرائیل-فەلەستین بڵاوكردەوەو رایگەیاند،"دەرفەتێكە بۆ دەستپێكردنەوەی چارەسەری ئاشتیانە بۆ ململانێی فەلەستینی ئیسرائیلی"

جۆسیپ بۆرێل، سەرۆكی دیبلۆماسیەتی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند،"رێكەوتنی ئاشتی كە ئەمریكا پێشنیازی كردوە بۆ كێشەكانی ئیسرائیل و فەلەستین، دەرفەتێكی نوێیە بۆ چارەسەری ململانێكان".

لە راگەیەندراوێكدا ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشكردوە كە ئەو پێشنیازە دەرفەتێكی خێرایە و پێویستە گفتوگۆی لەسەربكرێت و دەگونجێت ببێتە چارەسەرێك بۆ ململانێكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین.

راشیگەیاندوە، یەكێتی ئەوروپا تاوتوێ و هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەكانی داهاتوش دەكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ 28ی کانونی دوەم لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەواشنتنی پایتەختی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان راگەیاند.

دۆناڵد ترەمپ لە بارەی نەخشەرێگای ئیدارەکەی ئاماژەی بەوەکرد، "پرۆژەکە گرنگی زۆری بەبوژاندنەوەی باری ئابوری فەلەستین و ناوچەکە داوە، بەوپێیەش ئاستی هەژاری فەلەستینییەکان لەئاستێکی مەترسیداردایە، بۆیە پێویستە ژیانی پێکەوەیی هەڵبژێرن".

ئەوەشی خستەڕو، ئەگەر فەلەستین ژیانی ئاشتیانە هەڵبژێرێت بەقەبارەی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدادەکرێت و یەک ملیۆن دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت. 

ترەمپ وتیشی، "ئەوە بڕیارێکی قورس بوە بۆ پێشکەشکردنی چارەسەرێک بۆ کێشەیەکی سەدان ساڵە، بەڵام ئەو بۆ ئەوە هەڵنەبژێردراوە کە خۆی لەبڕیارە قورسەکان بدزێتەوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP