هەواڵی ئەمڕۆ

مسر داوای هەڵسەندگاندنی "رێککەوتنی ئاشتی" لە فەلەستین و ئیسرائیل دەکات

- 1/28/2020 11:04:00 PM 1901 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
وەزارەتی دەرەوەی مسر رایگەیاند، داوا لە هەردو حکومەتی فەلەستین و ئیسرائیل دەکەن "رێککەوتنی ئاشتی" کە روانگەی ئەمریکایە بۆ چارەسەکردنی کێشەکانیان تاوتوێ بکەن و دەرگای گفتوگۆ دانەخەن.

وەزارەتی دەرەوەی مسر لە بارەی "رێککەوتنی ئاشتی" کە ئەمڕۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بڵاویکردوەتەوە ئاماژەی بەوەکردوە، "کۆماری مسر هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرقرارکردنی پرۆسەی ئاشتی نێوان  فەلەستین و ئیسرائیل و پشتیوانیکردنی لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بەرز دەنرخێنێت".

 

قاهیرە هەوڵەکانی بەدەستهێنانی مافی فەلەستینییەکان بەرزدەنرخێنێت 

ئەوەش هاتوە، قاهیرە هەوڵەکانی بەدەستهێنانی مافی فەلەستینییەکان بەرزدەنرخێنێت و داواش لە هەردولایەن دەکات بە چاودێری ئەمریکا گفتوگۆکانیان لەبارەی گەشتن بە چارەسەرێکی  ناوەندی دەستپێبکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ 28ی کانونی دوەم لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەواشنتنی پایتەختی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان راگەیاند.

دۆناڵد ترەمپ لە بارەی نەخشەرێگای ئیدارەکەی ئاماژەی بەوەکرد، "پرۆژەکە گرنگی زۆری بەبوژاندنەوەی باری ئابوری فەلەستین و ناوچەکە داوە، بەوپێیەش ئاستی هەژاری فەلەستینییەکان لەئاستێکی مەترسیداردایە، بۆیە پێویستە ژیانی پێکەوەیی هەڵبژێرن".



بەقەبارەی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەفەلەستین دەکرێت

 

ئەوەشی خستەڕو، ئەگەر فەلەستین ژیانی ئاشتیانە هەڵبژێرێت بەقەبارەی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدادەکرێت و یەک ملیۆن دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت. 

ترەمپ وتیشی، "ئەوە بڕیارێکی قورس بوە بۆ پێشکەشکردنی چارەسەرێک بۆ کێشەیەکی سەدان ساڵە، بەڵام ئەو بۆ ئەوە هەڵنەبژێردراوە کە خۆی لەبڕیارە قورسەکان بدزێتەوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP