هەواڵی ئەمڕۆ

مەحمود عەباس: قودس بۆ فرۆشتن نیە و داوا دەكەم گەلی فەلەستین یەكێتی خۆی بپارێزێت

- 1/28/2020 10:20:00 PM 2509 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی دەسەڵاتداریەتی فڵستین رێككەوتنی سەدەی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلی رەتكردەوە و رایگەیاند "قودس بۆ فرۆشتن نیە و داوا لە گەلی فڵستین دەكەم یەكێتی خۆی بپارێزێت.

مەحمود عەباس، سەرۆكی دەسەڵاتداریەتی فڵستین پاش راگەیاندنی رێككەوتنی سەدە تایبەت بە دۆسیەی ئیسرائیل-فڵستین لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بە توندی دژ بە رێككەوتنەكە وەستایەوە و رێككەوتنەكەی بە "پلانگێڕی" ناوبرد.

ئاماژەی بەوەشكرد "فڵستینمان بێ قودس ناوێت و هەم رێكارێك دەگرینەبەر بۆ بەئەنجامنەگەیاندنی رێككەوتنەكە".
كۆتایی ئەو رێككەوتنەی نێوان ئەمریكا-ئیسرائیل، هاوشێوەی پەیمانی بەلفۆر-ە

وتیشی "كۆتایی ئەو رێككەوتنەی نێوان ئەمریكا-ئیسرائیل، هاوشێوەی پەیمانی بەلفۆر-ە، كە لەنێوان ئەمریكا و بریتانیادا ئەنجامدرا و بە هیچ شێوەیەك گەلی فڵستین رێگەنادات رێككەوتنەكە سەربگرێت".

هاوكات ئەو بەرپرسە فڵستینیە رایگەیاند "رەتیدەكەنەوە لەم بابەتەدا واشنتن تاكە نێوەندگیر بێت"، راشیگەیاند دۆسیەكە دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دادگای باڵا.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە یاوەری بنیامین نەتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رێككەوتنی سەدە-یان سەبارەت بە دۆسیەی ئیسرائیل-فڵستین راگەیاند، كە بە پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە.

سەبارەت بە پلانەكە ترەمپ ئاماژەی بەوەكرد "سودی زۆری بۆ فڵستینیەكان دەبێت لەكاتێكدا دۆخی ئابورییان باش نیە و ئەو پلانە سەرەتایەكە بۆ بنیادنانی دەوڵەتی فڵستین، لە بەرامبەری پەسەندكردنی رێككەوتنەكەشدا بڕی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە فڵستین ئەنجامدەدرێت و زیاتر لە ملیۆنێك هەلی كار دەڕەخسێنرێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP