وردەکاری "پلانی ئاشتی" نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بڵاودەکرێتەوە

- 1/28/2020 4:53:00 PM 5425 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-هیوا عەبدوڵا

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە ئامادەبونی گەورە بەرپرسانی جولەکە و کۆمارییەکان لە هۆڵی رۆژهەڵاتی کۆشکی سپی، "رێککەوتنی ئاشتی" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین رابگەیەنێت.

لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممەدا کە بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە ئامادەی دەبن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار نەخشەرێگای دیاریکردنی سنورەکانی دەوڵەتی فەڵەستین رادەگەیەنێت.

 

پێشوتر لە بەحرێن  کۆنفرانسێکی ئابوری  بۆ پشتیوانیکردنی ئابوری پڕۆژەی "گرێبەستی سەدە" بەڕێوەچو


لە سەرەتای دەستبەکاربونییەوە دۆناڵد ترەمپ پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینی وەکو یەكێک لە ئەجێنداکانی ئیدارەکەی دیاریکردوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە (25 و 26 حوزەیرانی 2019) لە مەنامەی پایتەخی بەحرێن  کۆنفرانسێکی ئابوری  بۆ پشتیوانیکردنی ئابوری پڕۆژەی "گرێبەستی سەدە" بەڕێوەچو. 

 

 سەیر دەکەین بزانین پێوەی پابەند دەبن یان نا، ئەگەر ئەوەش رویدا، ئەوە زۆر باش دەبێت


ئێوارەی دوێنێش (27 ی کانونی دوەم) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە کاتی پێشوازیکردنی لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رونیکردەوە، "ئەو نەخشەرێگایە بڵاودەکەینەوە کە پێشوتر بۆ هەمو لایەنەکانمان رونکردوەتەوە، سەیر دەکەین بزانین پێوەی پابەند دەبن یان نا، ئەگەر ئەوەش رویدا، ئەوە زۆر باش دەبێت". 

وردەکاری نەخشەرێگاکە

دەربارەی وردەکاری نەخشەرێگای رێککەوتنی سەدە، رۆژنامەی "جۆرنالیزم پۆست"ی ئیسرائیلی ئاشکرایکردوە،  بە گوێرەی نەخشەکە بڕیارە زۆرینەی کۆمەڵگا جولەکەنشینەکانی بەشی رۆژئاوا و زۆرینەی ناوچەکانی غۆری ئوردن بکەونە سنوری دەوڵەتی ئیسرائیلەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە، "ئەو هاوڵاتییە فەلەستینیانەی بە گوێرەی رێککەوتنی ئاشتی دەکەونە ناو سنورەکانی ئیسرائیلەوە بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەو کەسانە وەکو هاوڵاتی هەمیشەیی لە ناوچەکانیاندا دەمێننەوە و دەشتوانن داوای رەگەزنامەی ئیسرائیلی بکەن".

 

ئیسرائیل لە سەرەتادا سەروەری خۆی بەسەر شارۆچکەی معالیە ئودومیمدا جێبەجێدەکات


ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی ئیسرائیل لە سەرەتادا سەروەری خۆی بەسەر شارۆچکەی معالیە ئودومیمدا جێبەجێدەکات لە جێگەی  ناوچەکانی غۆری ئوردن، کە لە چەند هەفتەی رابردودا بوەتە ناوچەیەکی ململانێی سیاسی لە نێوانە لایەنە ناکۆکەکانی پەیوەست بە رێککەوتنەکەوە.

 

بۆیەکەمجار ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی قودس وەکو بەشێک لە ئیسرائیل دەناسێندرێت

 

شارۆچکەی معالیە ئودومیم سێیەمین گەورەترین کۆمەڵگای جولەکەنشینە  و 38 هەزار هاوڵاتی تێیدا دەژین، بە گوێرەی پلانەکەی ئیدارەی ترەمپ دەبێتە یەکەمین کۆمەڵگای نیشتەجێبون لە بەشی رۆژئاوا و سنوری فەلەستین کە بە فەرمی دەبێتە بەشێک لە ئیسرائیل، روبەری ئەو ناوچەیەش پێنج کیلۆمەترە و کەوتوەتە رۆژهەڵاتی قودس.

 

بەشی E1ی ناوچەی قودسیش وەکو بەشێک لە خاکی ئیسرائیل دەناسێندرێت


ئەو سەرچاوەیە زانیاری زیاتری بە رۆژنامەکە داوە و باسی لەوەشکردوە، بەشی E1ی ناوچەی قودسیش وەکو بەشێک لە خاکی ئیسرائیل دەناسێندرێت، کە لە ماوەی 26 ساڵی رابردودا بە فشاری ئەمریکییەکان یەکلاییکردنەوە و کارکردن لەوناوچەیەدا راگیرابو، ئەو هەنگاوەش بە لای فەلەستینییەکان بە تەواوی رەتکراوەتەوە کە ناوچەی E1 ئەگەر ئاوەدانبکرێتەوە مەحاڵ دەبێت  وەکو سنوری وڵاتێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بەڵام ئیسرائیل ئاشکرایکردوە ئەو ناوچەیە بۆ گەرەنتیکردنی یەکگرتویی قودس و هێڵی ئاسایشی وڵاتەکەیان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێتە خاکی ئیسرائیل.

 

سنورەکانی نێوان ئیسرائیل و ئوردن ئاڵۆزترین بەشی نەخشەرێگاکەن


رۆژنامەکە ئەوەشی خستوەتەڕو سنورەکانی نێوان وڵاتەکەیی و ئوردن "ئاڵۆزترین بەشی نەخشەرێگاکەن" چونکە هەرەشەیە لەسەر ئاسایشی ئوردن و رێککەوتنی ئاشتی نێوان هەردولا، ئەوە جگە لەوەی 75  هەزار هاوڵاتی فەلەستینی لەو ناوچەیەدا دەژین.

لەبارەی ئەو  15 کۆمەڵگا نیشتەجێبونانەی جولەکەکانیش  کە لە ناوچەکانی تێکەڵ بە ناوچەکانی فەلەستین دروستکراون، رۆژنامەکە رونیکردوەتەوە ئەو ناوچانەش پەیوەندیدار دەبن بە ئیسرائیلەوە و سوپای وڵاتەکەی بۆ پاراستنی هاوڵاتییەکانیان لەو ناوچانە دەمێننەوە.

 

ناوچەیەکی چۆڵ لە دانیشتوان لە نێوان کەرتی غەزە و مسر (لە بیابانی سینا) وەکو قەرەبوکردنەوەی زەوییەکان بە فەلەستین دەدرێت


لەبارەی داهاتوی فەلەستینیش بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە بڕیارە ناوچەیەکی چۆڵ لە دانیشتوان لە نێوان کەرتی غەزە و مسر (لە بیابانی سینا) وەکو قەرەبوکردنەوەی زەوییەکان بە فەلەستین بدرێت و دواتر بە بەهای 50 ملیار دۆلار و لە ماوەی 10 ساڵدا ئەو ناوچەیە بکرێت شار و پرۆژەی خزمەتگوزاری و پیشەسازی و هۆکارەکانی ژیانی بە تەواوی بۆ دابینبکرێت.

رۆژنامەی "جۆرنالیزم پۆست"ی ئیسرائیلی لە بارەی کاتی راگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستینیش ئەوەی خستەوەتەڕو، "راگەیاندنی خێرایی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان بەشێک نیە لە نەخشەرێگاکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئیسرائیل لەسەر ئەو پرسە بە روانگەیەکی رونەوە هەنگاو دەنێت".

 

دەوڵەتی فەلەستین دابڕێندراو لە چەک دەبێت


هەروەها لەبارەی شێوازی دەوڵەتی فەلەستین و تواناکانی، مایک ئیفانز راوێژکاری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، "بە گوێرەی نەخشەرێگاکەی ئەمریکا دەوڵەتی فەلەستین دابڕێندراو لە چەک دەبێت، هەروەها وڵاتەکە رێگەی پێنادرێت لە بواری ئاسمانی و توانای رێککەوتنی سەربازی و کڕینی چەکدا مامەڵە بکات".

کاردانەوەی فەلەستینییەکان 

سەرکردەکانی فەلەستین بەر لە راگەیاندنی نەخشەرێگاکەی سەرۆکی ئەمریکا، نەخشەرێگاکە و وردەکارییەکانیان رەتکردەوە و هەڕەشەی ئەوەشیان کردوە لە رێککەوتنامەی ئۆسلۆ کە پەیوەندییەکانی نێوانیانی لەگەڵ ئیسرائیل رێکخستوە دەکشێننەوە.

پێشوتریش مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەلەستین پلانەكەی ترەمپی بە "زللـەی سەدە" ناوبردوە و رایگەیاندوە كە تەنها دەستكەوتی ئابوری بۆ فەلەستینیەكان تێدایە.

 

زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی لەسەر نەخشەرێگاکە رەزامەندن


لای خۆیشییەوە دۆناڵد ترەمپ رونیکردوەتەوە، ئەوان لە کۆتایی نەخشەرێگاکەیدا رەزامەندی فەلەستینییەکانیش بەدەستدەهێنێت، بە تایبەت کە لە ئێستادا "زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی لەسەر نەخشەرێگاکە رەزامەندن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP