هەواڵی ئەمڕۆ

وەزیری پێشمەرگە: روبەڕوی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم خۆرێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەبینەوە

- 1/28/2020 4:45:00 PM 1528 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگه، رایگەیاند،"هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر دەکەین و لەسەر هەموانە روبەڕوی ئاستەنگ و لەمپەرەکان ببێتەوە."

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ  فەرماندە و نوێنەرانی هێزەکانی 70 و 80ی هێزەکانی پێشمەرگە  كۆبوەوە.

بڕیاری پڕۆژە یاسای چاکسازی حکومەت و پەسندکراوی پەرلەمانی کوردستان پابەندمان دەکات بەوەی هەموان بەگیانی لێپرسراویەتیەوە رێگاکان کورتتر بکەینەوەو هەنگاوەکان خێراتر بکەین

 

لەو کۆبونەوەیەدا، كە بەرپرسانی پلە باڵای وەزارەت ئامادەیبون. وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی کردو رایگەیاند: بڕیاری پڕۆژە یاسای چاکسازی حکومەت و پەسندکراوی پەرلەمانی کوردستان پابەندمان دەکات بەوەی هەموان بەگیانی لێپرسراویەتیەوە رێگاکان کورتتر بکەینەوەو هەنگاوەکان خێراتر بکەین. 

رونیشی کردەوە: دەرفەتێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆسەیە هاتۆتە پێشەوەو وێڕای هاوکاری و هەماهەنگی هاوپەیمانان، ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسیی لایەنە سیاسیەکان و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەیە.  

هەر لەو کۆبونەیەدا، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی یەکەی 80 و نوێنەرانی فەرماندەیی یەکەی 70 گفتوگۆیان لەسەر دواین پڕۆژەی پێشنیارکراوەکان بۆ جێبەجێکردنی یەکخستنەوەی تەواوەتی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگه کرد. هاوکات هەموان کۆک و هاوڕابون لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆسەکە و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکان. پابەندی خۆشیان بۆ بڕیار و راسپاردەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دوپاتکردەوە. 

لەکۆتایی کۆبونەوەکە، وەزیری پێشمەرگە بەئامادەبوانی راگەیاند: بە ئاستی لێپرسراوێتیەوە لە پڕۆسەکە دەڕوانین و ئەرکی هەموانە بە جددی کار لەسەر ئالیەت و میکانیزمی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەکە بکات ، کە دەرئەنجام  دروستکردنی هێزێکی سەربەخۆ و یەکگرتوی لێدەکەوێتەوە.


نیشانەکردن :

#پێشمەرگە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP