هەواڵی ئەمڕۆ

پۆلیسێك به‌تۆمه‌تی دزیكردن له‌هاتوچۆی سۆران ده‌ستگیردەکرێت

- 1/28/2020 4:22:00 PM 637 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پۆلیسی قه‌زای سۆران كارمه‌ندێكی پۆلیسی فریاكه‌وتنی به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی دزی له‌به‌شی ژمێریاری هاتوچۆی سۆران ده‌ستگیركرد.

موقه‌ده‌م شه‌ماڵ دێواری، گوته‌بێژی پۆلیسی سۆران، به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ی به‌شی نه‌هێشتنی تاوانی سۆران له‌رۆژی 5-1-2020 به‌ بونی ڕوداوێكی دزیكردن له‌ به‌شی ژمێریاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سۆران كه‌ تیایدا دو قاسه‌ شكێندران و هه‌شت ملیۆن و 134 هه‌زار دیناری عیراقی دزرابو، توانرا گومانلێكراوێك به‌ناوی (ه.ح.ح) كه‌ پیشه‌ی پۆلیسه‌ ده‌ستگیربكرێت."
 ئه‌و گومانلێكراوه‌ی ده‌ستگیركرا پۆلیسی بنكه‌ی فریاكه‌وتنی سۆرانه‌

وتیشی:" ئه‌و گومانلێكراوه‌ی ده‌ستگیركرا پۆلیسی بنكه‌ی فریاكه‌وتنی سۆرانه‌، گومان هه‌بو ده‌ستی له‌تاوانه‌كه‌دا هه‌بێت دوای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ری و ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌، دانی به‌تاوانه‌كه‌یدا نا".

ورده‌كاری روداوه‌كه‌شی ئاشكراكردو وتی: "دوای ئه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی باڵی كێشا به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، بڕیاردرا ئه‌و فه‌رمانگه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ی له‌ خانوی كرێدان بگوازرێنه‌وه‌ بۆ بینایه‌ حكومیه‌كان، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سۆران و بنكه‌ی پۆلیسی فریاكه‌وتنی سۆران گوازرانه‌وه‌ ناو بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سۆران، تۆمه‌تباریش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ركی له‌هه‌مان شوێنه‌، ئه‌و هه‌له‌ی قۆستۆته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ قێزه‌ونه‌".
ئێستا تۆمه‌تبار به‌ پێی ماده‌ی 444 ی یاسای سزادان ده‌ستگیركراوه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی سۆران

ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو، "ئێستا تۆمه‌تبار به‌ پێی ماده‌ی 444 ی یاسای سزادان ده‌ستگیركراوه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی سۆران".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP