هەواڵی ئەمڕۆ

ئەفغانستان؛ بەهۆی فڕۆكە ئەمریكیەكەوە پێكدادان لەنێوان تاڵیبان و هێزە ئەمنییەكان رودەدات

- 1/28/2020 4:01:00 PM 2038 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - 

بەرپرسانی ئەفغانستان رایانگەیاند، پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەفغانستان و چەکدارانی تاڵیباندا رویداوە، بەهۆی رێگریکردنی چەکدارانی تاڵیبان لە هێزە ئەمنییەکان، کاتێک ویستویانە خۆیان بگەیەننە ناوچەی تێکشکانی فڕۆکە ئەمریکییەکە.

دوێنێ دوشەممە لە پارێزگای غەرنا لە ناوەڕاستی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان فڕۆکەیەک تێکشکا، بزوتنەوەی چەکداری تاڵیبان لە ئەفغانستان رایگەیاند "چەكدارانیان توانیویانە لە ویلایەتی غەزنی ئەفغانستان فڕۆكەیەكی ئەمریكیان خستوەتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و لەنێویشیاندا ئەفسەرێكی پلەباڵای ویلایەتە یەكگرتوەكان هەیە".

هاوکات وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا "پێنتاگۆن" بڵاویکردەوە،  ئەو فڕۆكەیەی دوێنێ دوشەممە لە ئاسمانی ئەفغانستان خرایە خوارەوە و رێكخراوی تاڵیبان بەرپرسیاریەتی خۆی لەوبارەیەوە راگەیاند، فڕۆكەیەكی سەربازیی ئەمریكیە".


هێزی ئەمنی رەوانەی ناوچەی تێکشکانی فڕۆکەکە کراوە، بەڵام لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و رێگریان لێکراوە

 

لەو بارەیەوە خالید ورداک، فەرماندەی هەرێمی غەرنا بە رۆیتەرزی رایگەیاند، "هێزی ئەمنی رەوانەی ناوچەی تێکشکانی فڕۆکەکە کراوە، بەڵام لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و رێگریان لێکراوە".

لەلایەکی دیکەوە زەبیوڵا موجاهید، وتەبێژی بزوتنەوەی چەکداری تاڵیبان وتی، "هێزە ئەمنییەکان هەوڵی ئەوەیان داوە خۆیان بگەیەننە ناوچەی تێکشکانی فڕۆکەکە، بەڵام لەلایەن چەکدارەکانیانەوە رێگرییان لێکراوە".

 

چەکدارانی تاڵیبان ئاماژەیان بە دۆزینەوەی شەش تەرم کرد لەناو فڕۆکەکەدا


هەرچەندە چەکدارانی تاڵیبان لەبارەی ژمارەی سەرنشینانی فڕۆکەکە دڵنیا نەبون، بەهۆی ئەوەی بەهۆی سوتانی فڕۆکەکەوە هەمو شتێک ببو بە خۆڵەمێش، بەڵام ئاماژەیان بە دۆزینەوەی شەش تەرم کرد لەناو فڕۆکەکەدا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP