ترەمپ و ناتانیاهۆ سەبارەت بە پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەراست كۆدەبنەوە

- 1/27/2020 7:36:00 PM 1932 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەبارەت بە پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەریەك لە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتوەكان كۆبونەوە و بڕیارە سبەی سێشەممە پلانەكە رابگەیەندرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە (بە كاتی هەرێمی كوردستان)، هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و بنیامین نەتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتوەكان كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا و تێیدا بە وردی پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان هەڵسەنگاند.
سبەینێ كۆشكی سپی پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رادەگەیەنێت

لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان رایگەیاند "نیوەڕۆی سبەی سێشەممە بە كاتی ناوخۆی وڵاتەكەی، كۆشكی سپی پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رادەگەیەنێت".

ئاماژەی بەوەشكرد "پێویستە هاوڵاتیان و بەرپرسانی فڵستین پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەدڵبێت، چونكە بۆ ئەوان پلانێكی باشە و سودی دەبێت".
لەوانەیە هەلێكی مێژویی بێت


لای خۆیەوە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە پلانەكە باسی لەوەكرد "پلانەكەی ترەمپ (كە بە پلانی سەدە)ش ناویدەبرێت، لەوانەیە هەلێكی مێژویی بێت".

هاوكات ئاراستەی وتەكانی كردە ترەمپ و ئیدارەكەی و وتی "سوپاستان دەكەم بۆ هەمو شتێك كە لەپێناو ئیسرائیل ئەنجامتان داوە لە دانپێدانان بە قودس-دا و گواستنەوەی باڵیۆزخانەكەتان بۆ ئەو شارە لەپێناو مافەكانی ئێمەدا".

هەرچەندە پلانەكەی ترەمپ بە شێوەیەكی راستەوخۆ پەیوەندی بە فڵستینەوە هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پلانەكەیان بە "پلانێكی مردو" ناوبردوە، ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی فڵستینیدا سەبارەت بەو بابەتە كۆنابێتەو".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP