یەكەمین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئابوری هه‌رێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت

- 1/27/2020 7:27:00 PM 1257 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-


بە ئامادەبونی هەریەك لە سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جێگرەكەی، یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئابوری هه‌رێمی كوردستان ئەنجامدرا.

بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و ژماره‌یه‌ك وه‌زیر و پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ سه‌رپه‌رشتی یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئابوری هه‌رێمی كوردستان كرد.
بارودۆخی ئێستای هه‌رێم و میكانیزمی پێویست بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابوری تاوتوێكرا

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئابوری هه‌رێمی كوردستاندا، لە لایەن بەرپرسانی هه‌رێمی كوردستانەوە بارودۆخی ئێستای هه‌رێم و میكانیزمی پێویست بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابوری تاوتوێكرا.

هاوكات سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختیكردەوە له‌سەر گرنگی داڕشتنی سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی زانستی، بە مەبەستی گه‌شه‌پێدانی ئابوری له‌ رێگه‌ی زیادكردنی داهات به‌ ئاراسته‌ی رێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كان و رێگه‌گرتن له‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌ ناپێویسته‌كان.

هەر لەو كۆبونەوەیدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م كرد، كه‌ ئامانجێكی له‌ پێشینه‌ی هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و هاندان و پێشكه‌شكردنی ئاسانكاری پێویسته ‌بۆ وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ناوخۆیی و بیانییه‌كان و ره‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بارتره‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ گشت كه‌رته‌كاندا و ، گرنگیدان ‌به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ به‌روبوم و به‌رهه‌می ناوخۆیی.


نیشانەکردن :

#هه‌رێمی‌ كوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP