بەپەلە

توێژینەوەیەک: ڤایرۆسە کوشندەکەی چین لەرێگەی خواردنی شەمشەمە کوێرە و مارەوە تەشەنەی کردوە

- 1/27/2020 3:18:00 PM 102023 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی خێرا و مەترسیدار بەناو وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەراست، توێژەران لەهەوڵی دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیدان بۆ ئەو تەشەنە خێرایەی ڤایرۆسە کوشندەکە.

هەرچەندە، هەر لە سەرەتادا توێژینوەکان پێشنیازی ئەوەیانکرد ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام توێژینەوە تازەکان تەنانەت دەرئەنجامی سەرسوڕهێنەرتر دردەخەن، بەگوێرەی دەرئەنجامەکان لەڕێگەی خواردنی شەمشەمەکوێرە و مارەوە بەو شێوازە خێرایە تەشەنەی کردوە.

بەگوێرەی دەنگۆی ژمارەیەک سەرچاوەی نافەرمی، هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسکە بەهۆی نەکوڵاوی یاخود کەمکوڵاوی شەمشەمە کوێرەکانەوە بوە، بەڵام لەو توێژینەوەیەدا باس لەوەکراوە تا ئێستا ئەو زانیاریە پشتراست نەکراوەتەوە و بەگوێرەی دەرئەنجامەکان کوڵاوی و/یان نەکوڵاوی گۆشتی ئەو ئاژەڵە هیچ کاریگەریەکی لەسەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە نیە.

ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا تا ئێستا گەیشتوەتە دو هەزار و 700 کەس، هەر بەهۆی ڤایرۆسەکەوە 80 کەس لە چین گیانیان لەدەستداوە.

بۆ ئەو مەبەستەش، حکومەتی چین دەستی بەدروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت کردوە بۆ چارەسەرکردنی توشبوانی نەخۆشی کۆرۆنا لەشار وهان و پرۆژەکەش وابڕیاری لێدراوە کە لەماوەی 10 رۆژدا کۆتایی پێبهێنرێت، ئەمرۆش وەزارەتی دارایی چین رایگەیاند، بڕی نۆ ملیار دۆلاری بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابینکردوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا جگە لە چین، لەم وڵاتانە حاڵەتی توشبون بەڤایرۆسەکە تۆمارکراوە: ئەمریکا، فرەنسا، کۆریای باشور، تایوان، سەنگافورە، تایلاند، ئوسترالیا، نیپاڵ، ڤێتنام، هەرێمی هۆنگ کۆنگ، ماکاو و مالیزیا.

نیشانەکردن :

#ڤایرۆسی کۆرۆنا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP