ڤیدیۆ.. جوتیارانی هەرێمی کوردستان داوای پاره‌ی گه‌نمی ساڵانی رابردویان ده‌كه‌ن

- 1/27/2020 10:37:00 AM 937 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

ژماره‌یه‌ك له‌ جوتیارانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانێكیان له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدا، تیایدا داوایانكرد پاره‌ی گه‌نمی ساڵای رابردویان پێبدرێت، كه‌ تا ئێستا وه‌ریان نه‌گرتوه‌.

جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوه‌یه‌ك سایدێكی شه‌قامی شه‌ست مه‌تریان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان داخست و به‌وتن و به‌رزكردنه‌وه‌ی چه‌ندین دروشم، داوایان له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم و به‌رپرسانی كورد له‌ به‌غدا كرد به‌جدی كار بۆ وه‌رگرتنی پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران بكه‌ن.

له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ جوتیاران دوپاتیانكرده‌وه‌، به‌هۆی پێنه‌دانی پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانیان دروست كردوه‌ و به‌شێكی زۆری جوتیاران ئه‌مساڵ گه‌نمیان نه‌چاندوه‌.

جوتیار محه‌مه‌د عه‌بدولكه‌ریم کە بەشداری گردبونەوەکەی کرد به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "ئه‌مساڵ 300 دۆنم زه‌ویم نه‌كێڵاوه‌ و گه‌نم نه‌چاندوه‌، پاره‌ی گه‌نمی ساڵانی رابردوم وه‌رنه‌گرتوه‌، جوتیاران زه‌ره‌ر و زیانی زۆریان پێگه‌یشتوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری جوتیاران جوتیان به‌قه‌رز كردوه‌".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، "له‌كاتی وه‌رگرتنی گه‌نم  لە جوتیاران ناعه‌داڵه‌تی زۆر كراوه‌، پاره‌ی زۆریشمان له‌ داوه‌ته‌ بارهه‌ڵگره‌كان تا گه‌نممان وه‌رگیراوه‌، چونكه‌ 10 بۆ 15 رۆژ وه‌ستاون تا گه‌نمه‌كانمان لێوه‌رگیراوه‌، دوای هه‌مو ئه‌وانه‌ش چاره‌ی گه‌نممان وه‌رنه‌گرتوه‌، ئه‌مه‌ش زوڵمێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ جوتیاران ده‌كرێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP