زەریف: ترەمپ خەون بە کۆبونەوەی دوقۆڵی لەگەڵ ئێراندا دەبینێت

- 1/27/2020 10:32:00 AM 1543 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا خەون بەوەوە دەبینێت کۆبونەوەی دو قۆڵی لەگەڵ ئێراندا ئەنجامبدات، بۆ ئەوەی "ویستە شاراوەکانی" بەدیبهێنێت.

محەمەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەتویتێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا خەون بەوەوە دەبینێت کۆبونەوەی دو قۆڵی لەگەڵ ئێراندا ئەنجامبدات، لەبارەی پۆگرامە ئەتۆمییەکانەوە، بۆ ئەوەی ویستە شاراوەکانی بەدیبهێنێت لە گەیشتن بە "رێککەوتننامەی ترەمپ".
تاکە مێزی گفتوگۆ کە واشنتن بتوانێت لەگەڵ ئێراندا لەسەری کۆبێتەوە، مێزی گفتوگۆی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015یە، کە ترەمپ لێی کشایەوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "تاکە مێزی گفتوگۆ کە واشنتن بتوانێت لەگەڵ ئێراندا لەسەری کۆبێتەوە، مێزی گفتوگۆی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015یە، کە ترەمپ لێی کشایەوە".

ساڵی 2018 ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کشایەوە و بە چەند قۆناغێک سزا ئەمریکیەکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا، لەبەرامبەردا ئێران بە پێنج هەنگاو پابەندییەکانی خۆی بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کەمکردەوە.
ئێران لە شەشی ئەم مانگەدا هەنگاوی پێنجەمی لە کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بە رێککەوتننامەکەوە ناو راگەیاند

 

ئێران لە شەشی ئەم مانگەدا هەنگاوی پێنجەمی لە کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بە رێککەوتننامەکەوە ناو راگەیاند و وتی، "لەمە بەدواوە بێسنور یۆرانیۆم لە ئێراندا دەپیتێنراێت".

لەبەرامبەردا 14ی ئەم مانگە لەبەیاننامەکەدا،فڕەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا کە ئەندامی کارای رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانن، رێوشوێنی چارەسەرکردنی کاکۆکیەکانی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015یان کاراکرد.

ئەو سێ وڵاتە  رایانگەیاند، ئەوان پشتیوانی ئەمریکا ناکەن لەهەڵمەتی سەپاندنی زۆرترین فشاری ئابوری بەسەر ئێراندا، لەهەمان کاتدا رێگەنادەن ئێران پابەندبونەکانی بەرێککەوتنەکە کەمکاتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP