تەندروستی چەمچەماڵ: بۆ یەکەمینجار نەشتەرگەرییەکی دەگمەن ئەنجامدرا

- 1/27/2020 10:08:00 AM 8671 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، بۆ یەکەمینجارە نەشتەرگەرییەکی "قورس، گەورە و دەگمەن" بۆ نەخۆشێکی تەمەن 60 ساڵان لە نەخۆشخانەیەکی چەمچەماڵ ئەنجامدراوە.

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ بڵاویکردەوە، "دوایی ئەوەی لەچەند رۆژی رابردودا نەخۆشێكی تەمەن 60 ساڵ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی گشتی شەهید پێشڕەو، کە گورچیلەی توشی شێرپەنجەبو لە بارودۆخێکی تەندروستی خراپ و مەترسیداردا بو، پاش ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئەو هاوڵاتییە لەلایەن پزیشکی پسپۆری گورچیلە و پرۆستات دواتر بڕیاردرا دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، نەشتەرگەرییەکە بریتی بو لەلابردنی ئەو گورچیلەیە و حالبی، کە توشی شێرپەنجەکە بوە لە ڕێگەی دو نەشتەرگەرییەوە لەیەککاتدا، ماوەی شەش شەش کاتژمێردا.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ باسی لەوەشکردوە، نەشتەرگەرییەکە لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی بۆ 3:00ی پاش نیوەڕۆی خایاندوە، لەلایەن دکتۆر سەرباز کەمال، پزیشکی پسپۆری گورچیلە و میزەڕۆ و پرۆستات بەهاوکاری دکتۆر تەها قادر، پزیشکی بێهۆشکاری و یاریدەدەرانیان و تەواوی ستافی هۆڵی نەشتەرگەری سەرجەم بەش و کارمەندانی دیکە نەخۆشخانەکە ئەنجامدراوە.

ئەوەش خراوەتەڕو، "خۆشبەختانە نەشتەرگەرییەکەی سەرکەوتوبوە و لەئێستادا ئەو نەخۆشە باری تەندروستی زۆر جێگرەو سەلامەتە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە".

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ دەشڵێت، "ئەو نەشتەرگەرییە زۆر قورسە و تەنانەت لەزۆربەی شارەکانی تریش تا ئێستا نەکراوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP