ناڕەزاییەکانی عێراق دوای سوتاندنی خێمەکان، کوژران و برینداربونی خۆپیشاندەران

- 1/27/2020 9:41:00 AM 1087 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بەدرێژایی شەوی رابردو و تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی وەکو بەغدا، ناسرییە و بەسرە گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا رویداوە و بەوهۆیەوە زیاتر لە 20 خۆپیشاندەرا کوژراون و برینداربون.

زیادبونی گرژییەکان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا دوای ئەوە هات،  رۆژی 24ی ئەم مانگە رەوتی سەدر کشانەوەی خۆی لە خۆپیشاندانەکانی عێراق راگەیاند و داوای کرد پێویست دەکات لە هەمو دۆخێکدا رەوشی ئێستای عێراق لەبەرچاو بگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دوێنێ و ئەمڕۆش خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و زۆرینەی پارێزگاکانی خوار و ناوەڕاستی عێراقدا بەردەوام بوە.

 

بەهۆی چەند روداوێکەوە نۆ هاوڵاتی توشی تەنگەنەفەسی بون کە تەندروستیان ناجێگیرە


بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە کە بۆ کەناڵی سۆمەریەنیوزی لێدوانی داوە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە بەغدا خۆپیشاندانەکان لە گۆڕەپانەکانی تەحریر و خەلانی بەردەوامە و بەهۆی چەند روداوێکەوە نۆ هاوڵاتی توشی تەنگەنەفەسی بون کە تەندروستیان ناجێگیرە".

 

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیانکردوەتە سەر خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی حبوبی

 

لەبارەی دۆخی شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقاریش رونیکردوەتەوە، "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیانکردوەتە سەر خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی حبوبی و خێمەکانیان سوتاندوە، هاوکات بە گوێرەی ئامارەکان دو خۆپیشاندەر کوژراون و 18ی دیکەش برینداربون".


ئەوەشی خستەوەتەڕو، دوای روداوەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، خۆپیشاندەران جارێکی دیکە خێمەی نوێیان داناوە و لە ناڕەزایی دەربڕین بەردەوامن و لە ئیستادا جۆرێک لە ئارامی لە ناوچەکدا بونی هەیە.

 

لە بەسرە دۆخی هاتوچۆ بەشێوەیەکی گشتی ئاساییە

لەبارەی دۆخی پارێزگای بەسرە ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکردوە، "لە بەسرە دۆخی هاتوچۆ بەشێوەیەکی گشتی ئاساییە و تاوەکو کاتی خۆپیشاندانەکان کە رۆژانە لە ماوەیەکی دیاریکراودا هاوڵاتیانی شارەکە خۆپیشاندان دەکەن، لە ئێستاشدا فشارێکی کەمی هاتوچۆ لە شارەکەدا دروستبوە".

ئەوە لە کاتێکدایە لە ماوەی دو رۆژی رابردودا گرژییەکان لە گۆرەپانەکانی خۆپیشاندان بە بەراورد بە رۆژانی رابردو زیاتر بوە، بە جۆرێک لەو ماوەیە و بە گوێرەی سەرچاوەکان زیاتر لە 100 خۆپیشاندەر برینداربون، لای خۆیانەوە گروپی ناڕەزاییەکان جەخت لە بەردەوامی داواکارییەکانیان دەکەنەوە.


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP