بەپەلە

به‌غدا؛ ورده‌كاری موشه‌كه‌كانی ئه‌مشه‌وی ناوچه‌ی سه‌وز ئاشكراده‌كرێت

- 1/26/2020 10:35:00 PM 4550 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی رایگه‌یاند، یه‌كێك له‌و پێنج موشه‌كه‌ی كه‌ ئاراسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غداد كران، له‌ناو باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا كه‌وتوه‌ته‌ خواره‌وه‌، یه‌كێكی دیكه‌ش له‌موشه‌كه‌كان به‌ر هۆڵێكی یانه‌ی له‌شجوانی كه‌وتوه‌.
بەهۆیەوە ژمارەیەك بریندار هەیە و یەكێكیان دۆخی ناجێگیرە

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌به‌غداد رایگه‌یاند، ئه‌مشه‌و یه‌كشه‌ممه‌ پێنج موشه‌ك ئاراسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كران و تا ئێستاش نه‌زانراوه‌ ئه‌و موشه‌كانه‌ له‌لایه‌ن چ لایه‌نێكه‌وه‌ ئاراسته‌كراون، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك بریندار هەیە و یەكێكیان دۆخی ناجێگیرە.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكراشیكرد، "یه‌كێك له‌و موشه‌كانه‌ له‌ناو چێشتخانه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غداد كه‌وتوه‌ته‌ خواره‌وه‌، له‌ئه‌نجامدا پێنج كه‌س كه‌ له‌ناو چێشتخانه‌كه‌ بون برینداربون، موشه‌كێكی دیكه‌شیان كه‌وتوه‌ته‌ ناو یانه‌یه‌كی له‌شجوانیه‌وه‌.

پێشتریش، شانه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربازی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مشه‌و یه‌كشه‌ممه‌ پێنج موشه‌ك له‌جۆری كاتیۆشا ئاڕاسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كراون، به‌ڵام زیانه‌كانی نه‌زانراون.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، به‌ره‌به‌یانی 8-1-2020 ئێران هێرشێكی موشه‌كی كرده‌ سه‌ر بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نبار له‌باشوری رۆژئاوای عێراق، ئه‌وه‌ش له‌وه‌ڵامی بۆردومانه‌كه‌ی سێی ئه‌م مانگه‌ی ئه‌مریكا كه‌ تیایدا قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران كوژراو به‌هۆیه‌وه‌ گرژیی و ئاڵۆزیه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتربو.


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP