بەپەلە

سلێمانی؛ بڕى هاوردەکردنی به‌روبومی ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ری دیاریده‌كرێن

- 1/26/2020 2:33:00 PM 2522 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌مه‌به‌ستی راگرتنی هاوسه‌نگی و زیاد نه‌بونی نرخ، هاورده‌ى به‌روبومی په‌له‌وه‌رى دیاری ده‌كرێت و جێگرى به‌رێوه‌به‌رى كشتوكاڵى سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌مه‌رجه‌كانی ڤێته‌نه‌رى و ته‌ندروستی به‌رهه‌مه‌كان هاورده‌ ده‌كرێت. 

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه له‌ دیوانی قائیمقامیه‌ت ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دیاریكردنی به‌روبومی ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ری پارێزگای سلێمانی كۆبوه‌وه‌، پاش هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی به‌روبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونه‌وه‌ به‌بڕی ئه‌و به‌روبوم و پێداویستیانه‌دا بكرێت كه‌ هاورده‌ی پارێزگای سلێمانی ده‌كرێت.

له‌ دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ رزگار حەمد، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵى سلێمانی رایگەیاند، به‌له‌به‌رچاوگرتنی هاوسه‌نگی راگرتن له‌ نێوان به‌رهه‌می ناوخۆ و هاورده‌كراو، هه‌روه‌ها به‌رز نه‌بونه‌وه‌ى نرخى به‌رهه‌مى په‌له‌وه‌ر له‌سه‌ر هاوڵاتیان، لیژنه‌كه‌ بڕیارى له‌سه‌ر بڕى به‌رهه‌می هاورده‌كراو داوه‌ بۆ مانگی شوبات.

ئاماژەی بەوەشکرد، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى به‌روبومى ناوخۆ كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌روبومه‌ هاورده‌كراوه‌كاندا هاوسه‌نگ بێت. 

جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵى سلێمانی باسی لەوەشکرد، بڕى ئه‌و به‌روبومانه‌ى له‌ مانگى شوباتدا هاورده‌ ده‌كرێن بریتی یه‌ له‌ 500 تۆن ماسی، 500 تۆن مریشكى به‌ستو به‌پێى پشكنینى ته‌ندروستى و 500 تۆن گۆشتی سور و 10 هه‌زار سه‌ر ئاژه‌ڵی زیندوو.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP